ئێران: گرەنتیمان دەوێت تەواوی سزاکانمان لەسەر هەڵبگیرێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسى رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا رایگەیاند، تاران گرەنتیی هەڵگرتنی تەواوی سزاکانی سەری دەوێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دەشڵێت، تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمریکی پەیوەست بە بابەتی هەڵگرتنی سزاکان لەگەڵ ئێران راشکاو نەبووە.

بەقائی دەشڵێت، دەبێت بۆ تاران روون بێت لە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکان جارێکی دیکە و دووبارە سزاکان ناگەڕێنرێتەوە.

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارتی دەرەوەی ئێران زیاتر روونیکردەوە و گوتیشی، "ئێمە گوتمان ئامادەین، لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم  هەنگاوی روون و متمانەدار ئەنجامبدەین، بەڵام ئەوەی کە گرنگە بۆ ئێمە دڵنیاییە لە بارەی کۆتایی هاتنی ئەو سزایانەی، کە چەندین ساڵە بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپێنراوە، بەداخەوە تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمریکی پەیوەست بەم بابەتە ئامادە نین راشکاو و  روونبن، دەبێت بە تەواوی ئەوە بۆ ئێمە روونبێت، کە سزاکان بە تەواوی هەڵدەگیرێن و دووبارە ناسەپێنرێنەوە".

قسەکانی بەقائی لە کاتێکدایە، شەممەی رابردوو بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان نامەیەکی ترەمپی گەیاندووەتە تاران کە پێشنیازی رێککەوتنی ئەتۆمی تیاداکراوە وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، پێداچوونەوە بە نامەکە دەکەن و وەڵامی واشنتن دەدەنەوە.

هەروەها ئەمڕۆ رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە، ئیدارەی ترەمپ بۆ ماوەیەکی کاتی سزاکانی سەر ئێرانى راگرتووە.

بە گوێرەی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە،ئەو یۆرانیۆمەی رێژەی بەپیتییەکەی 60٪یە، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە دەکرێت ئەو رێژەیە بە ئاسانی بگەیێنرێتە 90٪ بۆ ئەوەی بۆ بۆمبی ئەتۆمی دەست بدات. 
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئێران 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی هەیە کە رێژەی بەپیتییەکەی 60٪یە، واتە لە شوباتەوە 133.8 کیلۆگرامی زیاد کردووە. 
 
کۆی گشتی بڕی ئەو یۆرانیۆمەی ئێران بە بڕی جیاجیا پیتاندوویەتی، 45 هێندەی ئەو سنوورەیە کە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ـدا بۆی دانرابوو و مەزەندە دەکرێت گەیشتبێتە 9 هەزار و 247 کیلۆگرام و 600 گرام. 
 
راپۆرتە وەرزییەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەڵێت: "زیادبوون و کەڵەکەبوونی بەرچاوی یۆرانیۆمی بەرز پیتێنراوی ئێران، کە تاکە وڵاتی بێ چەکی ئەتۆمییە ئەم جۆرە کەرەستەیە بەرهەمبێنێت، جێگەی نیگەرانیی گەورەیە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار