واشنتۆن ڕەزامەندی دەربڕی چەکدارە بیانییەکان بچنە ناو سوپای سوریا

2 ڕۆژ لەمەوپێش
تۆماس باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سوریا ڕایگەیاند، ئەمەریکا پلانێکی پەسەندکردووە کە سەرکردایەتی نوێی سوریا پێشنیاری کردووە بۆ ئەوەی ڕێگە بە هەزاران چەکداری بیانی کە پێشتر بەشێک بوون لە ئۆپۆزسیۆن، بچنە ناو سوپای نیشتمانییەوە، بە مەرجێک ئەم کارە بە شێوەیەکی شەفافانە ئەنجام بدرێت.
نێردەی ئەمەریکا لە سوریا وتیشى: "لێکتێگەیشتنێک هەیە لەو بارەیەوە، لەگەڵ بوونى شەفافیەت لە پڕۆسەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، باشترە ئەو چەکدارانە کە بەشێکی زۆریان "زۆر دڵسۆزن" بۆ ئیدارەی نوێی سوریا، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی دەوڵەتیدا بمێننەوە نەک بەدەر بکرێن.
بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز سێ بەرپرسی بەرگری سوریا ڕایانگەیاندووە، پلانەکە داوا دەکات نزیکەی سێ هەزار و 500 چەکداری بیانی کە زۆربەیان ئیگۆریین و لە چین و وڵاتانی دراوسێى ئەو وڵاتەوە چونەتە سوریا، بچنە پاڵ یەکەیەکی تازە پێکهێنراو کە فیرقەی 84ی سوپای سوریایە، کە هاوکات سوریەکانیش لەخۆدەگرێت.
لەلایەکى دیکەوە کەناڵى ئەلحەدەس بڵاویکردەوە ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا هەوڵیداوە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەزامەندى بنوێنن و بڕوایان پێبهێنێت کە تێکەڵکردنی چەکدارانی بیانی کەمتر مەترسیدارە لە وازهێنانیان.
شەرع وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاگادار کردۆتەوە کە چەکدارانی بیانی ئەگەر نەخرێنە ناو سوپاوە دەچنە پاڵ ڕێکخراوى قاعیدە یان داعش.
چارەنووسی ئەو بیانیانە کە پەیوەندییان بە گروپى تەحریر شامی سوریاوە کرد لە کاتی شەڕی 13 ساڵەی نێوان گروپە چەکدارەکان و بەشار ئەسەد، یەکێک بووە لە پرسە پڕ لە کێشەکان کە ڕێگری لە نزیکبوونەوەی دیمەشق لەگەڵ ڕۆژئاوا دەکرد.
لانی کەم تا سەرەتای مانگی ئایار ئەمەریکا داوای لە سەرکردایەتی نوێ دەکرد بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکدارانی بیانی لە هێزە ئەمنییەکان دووربخاتەوە.
بەڵام ڕێبازی واشنتۆن بۆ سوریا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هات، دوای ئەوەی ترەمپ لە مانگی ڕابردوودا گەشتێکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا و ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هەڵگرتنى سزاکانی سەر سوریا، هەروەها لە ڕیاز چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا کەوت و دۆستێکی نزیکی خۆی وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ سوریا دیاریکرد..
بەوتەى دوو سەرچاوەی نزیک لە وەزارەتی بەرگری سوریا، شەرع ڕۆژئاواى دڵنیاکردووەتەوە کە چوونى چەکدارانی بیانی بۆ ناو سوپا کەمتر مەترسی ئەمنی دەبێت لە وازهێنانیان.
هەزاران چەکدارى موسڵمانى سوننەی بیانی لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریا کە ماوەی ١٣ ساڵە بەردەوام بوو، پەیوەندییان بە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە کردوەو و دژی ئەسەد شەڕیان کرد، کە لەلایەن میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانەوە هاوکاری دەکرا.
هەندێک لە چەکدارەکان گروپی تایبەت بە خۆیان پێکهێنا، هەندێکی تریش پەیوەندییان بە گروپە هەبووەکانی وەک داعشەوە کرد، کە "خەلافەت"یان لە سەرانسەری ناوچە بەرفراوانەکانی سوریا و عێراق ڕاگەیاند پێش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئەمەریکا و ئێرانەوە شکستیان پێبهێنرێت.
چەکدارانى بیانی لەناو دەستەى تەحریر شام ناوبانگێکی زۆریان بەدەستهێنا وەک چەکدارێکی دڵسۆز و دیسپلین و بەئەزموون و بڕبڕەی پشتی ئەو گروپە بژاردانەى کە پێیان دەوترا یەکەکانی خۆکوژی.
ئەو چەکدارە ئیگیۆریانەى لە چین و ئاسیای ناوەڕاستەوە چونەتە سوریا، ئەندامی پارتی ئیسلامی تورکستانن، کە گرووپێکە لەلایەن پەکینەوە وەک “تیرۆریست” دەستنیشانکراوە. بەرپرسێکی سوری و دیپلۆماتکارێکی بیانی ڕایانگەیاند، چین هەوڵیداوە هەژمونى ئەو گروپە لە سوریا سنووردار بکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی: "چین هیوادارە سوریا دژایەتی هەموو جۆرەکانی تیرۆر و هێزە توندڕەوەکان بکات لە وەڵامی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا".
