لەدواى ڕووخانی ئەسەدەوە بۆ یەکەمجار لە سووریاوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل

2 مانگ لەمەوپێش



 

لە خاکی سووریاوە بە هاوەن هێرشکرایە سەر ئیسرائیل و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە لێدرا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی فراوان دەکات و دەڵێت، ئەحمەد شەرع بەرپرساری یەکەمی هێرشەکەیە. سوپای ئیسرائیلش دەڵێت، تۆپبارانی ئەو ناوچانەیان کردووە، کە هێرشەکەی لێوە ئەنجامدراوە.

ئەمە یەکەمجارە لە پاش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە، خاکی ئیسرائیل لە سووریاوە بەئامانج بگیرێت.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشە و سەرجەم ئەو هێرشانەی دەکرێنەسەر وڵاتەکەی، لە ئەستۆی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەردایە.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو گولـلەهاوەن، کە لە سووریاوە هەڵدرابوون، لە چۆڵەوانییەکدا لەناو خاکی ئیسرائیل تەقینەوە بەبێئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت، پاش هێرشەکەش زەنگی ئاگادارکردنەوە لە لە ناوچەکانی حەسبین و رمات مەگشیمیم لە بەرزاییەکانی جۆلان لێدرا.

سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، لە وەڵامی ئەو هێرشەدا تۆپخانەکانیان باشووری سووریایان کردووەتە ئامانج، دەشڵێت: هێزەکانیان بەردەوامدەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان لە باشووری سووریا، بە ئامانجی "هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی تیرۆریستی" و پاراستنی دانیشتووانی بەرزاییەکانی جۆلان.

پاش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، هێزەکانی ئیسرائیل ناوچەی داماڵڕاو لە چەکیان لە بەرزاییەکانی جۆلان پێکهێنا و دەیان هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ئامانجە سەربازییەکان لە سووریا ئەنجامدا، کە بەگوتەی خۆیان، ئامانج لەو هێرشانە رێگریکردنە لەوەی چەکەکانی سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد بکەونە دەست دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار