وەزارەتی پێشمەرگە دابەشکردنی هاوکاری مانگی پێنجی هاوپەیمانانی راگرت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، دابەشکردنی هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی پێنج بە بڕیاری بەرپرسانی باڵای وەزارەت راگیراوە، لە کاتێکدا دوێنێ هاوپەیمانان پارەکەیان خستووەتە سەر هەژماری وەزارەت.
بەگوتەى سەرچاوەکە، بڕیار بوو ئەمڕۆ دەستبکرێت بە دابەشکردنى هاوکارییەکە، بەڵام دواخراوە بۆ چوارشەممەى دواى جەژن، واتە 12ـى ئەم مانگە.
دەڵێت، ئەم بڕیارە بۆ بەشێک فەرماندە و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە چاوەڕواننەکراوبووە و نیگەرانی کردوون.
ئەو دەڵێت، بڕوونى هۆکاری راگرتنی دابەشکردنی هاوکاری هاوپەیمانان نەخراوەتەڕوو، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر پەیوەندی بە دابەشنەکردنی مووچە هەیە، کە ناتواندرێت بەر لە جەژن دابەش بکرێت.
ڕاگرتنى ئەو مووچەیە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لەسەر پرسى مووچە کۆبوویەوە، بەڵام بەپێى زانیاریەکان کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بووە.
هاوکات لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هیچ بڕیارێک لەبارەی مووچە نەدراوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی نەکرد.
لەلایەکى دیکەوە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وتى: هەموو رێکارێکی دێپلۆماسی دەگیرێتەبەر لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقیش و روونکردنەوە دەدرێ کە "ئێمە میلـلەتێکین سزا دەدرێین".
