ئەمڕۆ زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی دەچنە سەر کێوی عەرەفە

دوێنێ
وەزیری تەندروستیی سعودیە رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازیی لە زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی لەسەر کێوی عەرەفە تەواوکردووە.
فەهد جەلال داوایکرد هەر حاجییەک بەشى پێداویستى ئاو لەگەڵ خۆی ببات ئەگەر بەڕۆژوو نابێت، پێلاوێک لەپێ بکات کە گونجاوبێت بۆ رێگەڕۆشتن و سەرکەوتن، چەترێکیش لەگەڵ خۆیدا بهێنێت لەبەرئەوەى پلەکانى گەرما بەرزن. گوتیشى پێشبینیدەکەن لە 10 خولەک تا 15 خولەک جارێک کەسێک بەهۆی بەرزی پلەکانى گەرماوە بەهۆش خۆی بچێت.
دەشڵێ، 1200 مەتر چوارگۆشە چەتریان دروستکردووە، 129 هێلیکۆپتەر لە ئامادەباشیدان و ژمارەیەکی زۆریان ئاو دەڕشێنن بەسەر حاجییاندا.
باسی لەوەشکرد، ئامێرەکانى فێننکەرەوە لە هەندێک شوێندا 10 نمرە پلەکانى گەرما دادەبەزێنن و هێزە ئاسمانییەکان و چاودێریی کەشوهەواى وڵاتەکەش بەتەواویی لە ئامادەباشیدان.
وتەبێژی فەرمی وەزارەتی حەج و عومرە، غەسان نویمی ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو حاجیانەی لە دەرەوەی سعودیەوە ئەمساڵ گەیشتونەتە ئەو وڵاتە، ملیۆنێک و 500 هەزار کەسى تێپەڕاندووە.
هەر لە هەمان چوارچێوەدا دووپاتی کردەوە کە زیاتر لە 94 هەزار کارمەند کار بۆ خزمەتکردنی حاجیان دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەت بە هەماهەنگی و یەکگرتن لەگەڵ دەزگا جیاوازەکانی حکومەت کاردەکات بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی زیارەتکاران.
جێگری وەزارەتی تەندروستی سعودیە، لە لێدوانێکیدا وتی، "لەو کاتەوەی حاجیان دەستیان بە گەیشتنیان بە مینا کردووە، هەموو دامەزراوە تەندروستییەکان ئامادەن بۆ وەرگرتنیان، هەروەها یاوەرییان دەکەن بۆ عەرەفات بۆ تەواوکردنی هەموو ڕێوڕەسمەکانی حەج بە ئاسانی و هیچ کەسێکیان مەترسیان لەسەر نییە".
