برسێتی و هێرشەکانی ئیسرائیل جەژنى لە غەززە تاڵکردوە

دوێنێ



 

"هیچ ئاهەنگێک و جەژنێکمان نییە تەنها وێرانکاری لە هەموو شوێنێک هەیە" ئەمانە ئەو قسانەن کە ژنێکی ئاوارەی فەلەستینی دوو ساڵ دوای شەڕەکە باسی بارودۆخی کەرتی غەززە دەکات.

ئەو ژنە کە ناوی مەجدال ئەبو شەرخە، دەڵێت "دوو ساڵ لە ماڵوێرانیدا تێپەڕیوین، نە جەژن، نە ئاهەنگ، هیچ شتێکى خۆشمانیە تا باسی بکەم."

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەو ژنە ئاماژەی بەوەشکردووە، "خەڵک لە دۆخێکی سەرلێشێواویدان، وەک ئەوەی هۆشیان لەدەستدابێت، نازانم چۆن بۆت ڕوون بکەمەوە - بە سادەیی هیچ وشەیەک نەماوە بیڵێم".

لای خۆیەوە مەدحەت عابد، ئاوارەی گەڕەکی شوجەعییە، دووپاتی کردەوە کە دۆخەکە بۆ هەموو لایەک سەختە. وتیشی: بارودۆخی من لەژێر سفرەوەیە، وەک زۆرێک لە خەڵکی کەرتی غەززە.

ناوبراو زیادی کرد: هەموو غەززە بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنێت. "ئێمە خواردن و ئاو نادۆزینەوە، کەواتە چۆن جل و بەرگی جەژن بکڕین؟ تەنانەت جلوبەرگەکانیش زۆر گرانن".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە کەرتی غەززە بەردەوامە لەهێرش و بۆردومان و گەمارۆدانی ڕۆژانە لەلایەن سوپاى ئیسرایلەوە.

چوارشەممە، غەززە شەوێکی خوێناوی بەخۆیەوە بینی، لەکاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکان هەموو ناوچەکانی کەرتی کەرتییان گرتەوە. لە خان یونس، فڕۆکەکانی ئیسرائیل خێمەی ئاوارەیان لە ناوچەی ئەلمەواسی کردە ئامانج و شەش فەلەستینی گیانیان لەدەستدا.

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، 80٪ـی کەرتی غەززەی بە ناوچەیەکی سەربازی و نا سەلامەت پۆلێنکردووە؛ بۆیە لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023ـوە، سوپای ئیسرائیل نزیکەی 300 فەرمانی چۆڵکردنی بۆ ناوچە جیاجیاکانی غەززەی دەرکردووە.
 
میلاد محەمەد، ئاوارەی غەززەیە و باس لە ئاوارەبوونەکانی دەکات و دەڵێت، "ئەمە 14ـەمین جارە ئاوارە دەبمەوە. لە بەیانییەوە دەسووڕێمە شوێنێک نییە لێی دڵنیابین بۆ مانەوە، هەموو شوێنێک بە گوتەی ئیسرائیل، جێی گومان و مەترسییە".
 
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر 10 غەززەییەک نۆیان ئاوارەن؛ ئەو یەکەش کە ماوە، دەستەبژێرێکی داماوە، بەر دوایین فەرمانی چۆڵکردن کەوتووە.
 
رێکخراوە ناحکومەییەکان دەڵێن، هەڵکردنی ئاڵای سپی لەلایەن غەززەییەکان یان بەرزڕاگرتنی مەنجەڵەکان بۆ ژەمێك خواردن، بە زۆر ئاوارە و برسیکردنی غەززەییەکان، ئامرازێکن، ئیسرائیل وەکو چەک بەکاریان دەهێنێت. 
 
بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت 100٪ـی دانیشتوانی کەرتەکە، برسین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار