لاهور شێخ جەنگى داواى کۆبوونەوەى لوتکە لە کەسى یەکەمى لایەنە سیاسییەکان دەکات

دوێنێ



لەپەیامێکیدا بەبۆنەى جەژنى قوربانەوە، لاهور شێخ جەنگى داوا لە  کەسی یەکەمی هەموو لایەنەکان دەکات ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان رابگەیەنن، تاوەکو هاووڵاتیان بزانن و ببینن لایەنەکان بەرژەوەندی حزبی خۆیان وەلا ناوەو بەرژەوەندی خەڵک و کوردستانیان خستووەتە سەروو هەموو شتێکەوە.

لەپەیامەکەیدا بەبۆنەى جەژنى ڕەمەزانەوە بڵاویکردەوە، لاهور شێخ جەنگى بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پیرۆزبایی لە موسڵمانانی جیهان و خەڵکی کوردستان دەکات، دەڵێت: پیرۆزبایی جەژن لەکاتێکدا دەکەم بەداخەوە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی قورس و قەیراناویدا تێدەپەڕن.

لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا دەڵێت: وەک بەرپرسیارێتی سەر شانمان لە پێناو تێکنەچوونی زیاتری بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی خۆمان، بانگەوازێک بۆ کۆبوونەوەی کەسی یەکەمی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە کورسیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر خەڵک و ئایندەی ئەم هەرێمە.

لاهور شێخ جەنگى دەشڵێت: بۆ کۆبوونەوەکەش داواکارم لایەنەکان لەئاستی کەسی یەکەمیاندا بەشداربن بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە کە واپێویستە کاک مەسعود خۆی بەشداربێت و سەردانی سلێمانی بکات، با جارێکیش بڕیاری چارەنووسساز لە سلێمانییەوە بدرێت، باشترە کۆبوونەوەکە لە بارەگای هیچ لایەنێک نەبێت بەڵکو لە شوێنێکی تایبەت بکرێت.

هەروەها دەشڵێت: رەنگە هەندێک لایەن ئەم بانگەوازەیان لاسەیربێت و وەڵامێکی پۆپۆلیستی بدەنەوە و بڵێن بەشدارنابین، بەڵام لایەنە سیاسییەکان ئەگەر دوور لە موزایەدەی سیاسی قسەی جدی و چارەسەریان لایە با لە کۆبوونەوەکەدا ئازایانە دەستبخەنە سەر برینەکان و هەرچی لە بەرژەوەندی خەڵک بوو بیڵێن، نەک لە میدیاکانەوە بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت یەکتری تەخوین دەکەن و خەڵکیش بێ هیوا دەکەن.

لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى لاهور شێخ جەنگى دەڵێت: داواکارم لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییانەوە کەسی یەکەمی هەموو لایەنەکان ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان رابگەیەنن، تاوەکو هاووڵاتیان بزانن و ببینن لایەنەکان بەرژەوەندی حزبی خۆیان وەلا ناوەو بەرژەوەندی خەڵک و کوردستانیان خستووەتە سەروو هەموو شتێکەوە.

لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی ئەم بانگەوازەمان، پێشنیازی تر دەخەینە روو کە هەر لایەنێکی سیاسی بیەوێت دەتوانین پێکەوە دەستەیەک پێکبهێنین و سەردانی لایەنە سیاسییەکانی بەغداد بکەین.

 


دەقى پەیامەکە
بەناوی خوداى بەخشندەى میهرەبان،

بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پیرۆزبایی لە موسڵمانانی جیهان و خەڵکی کوردستان دەکەم.
پیرۆزبایی جەژن لەکاتێکدا دەکەم بەداخەوە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی قورس و قەیراناویدا تێدەپەڕن، بێ متمانەیی خەڵک بە سیاسییەکان لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشاندایەو دڵنیانەبوون لە داهاتووى رۆڵەکانیان شەو ڕۆژ لە زهنیاندا دەزڕنگێتەوە.
هاووڵاتیانی خۆشەویست، من وەکو لاهور شێخ جەنگی کە رۆژێک لە رۆژان بەرپرسیارێتیم هەبووە لەم هەرێمەدا مافی ئەوەتان پێدەدەم نیگەرانبن لە هەمووان، چونکە بەداخەوە وایلهاتووە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە جگە لە قسەی بێکردار و یەکترشکاندن لە میدیاکانەوە نەمانتوانیووە وەکو پێویست خزمەتی هاووڵاتیانی کوردستان بکەین.
دۆخی ئێستای کوردستان بە جۆرێکە بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە نە پەرلەمانی هەیە ببێتە شوێنی کۆکەرەوەی هەموو لایەنەکان و نوێنەرایەتی خەڵک بکات، نە حکومەتی هەڵبژێردراوی هەیە، نوێنەرانی کوردیش لە بەغداد یەک دەنگ و یەک بڕیار نین، هەموو ئەمانە وایکردووە خەڵکی کوردستان نوێنەرایەتی راستەقینەی نەبێت و هەر لایەنە و بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی باس لە دۆخی کوردستان بکات.
سەرباری ڕەخنەکانمان گۆڕانکاری و کاردانەوەکان خێران و کار گەیشتووەتە برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێنەدانی مافە داراییەکانیان.
هەربۆیە وەک بەرپرسیارێتی سەر شانمان لە پێناو تێکنەچوونی زیاتری بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی خۆمان، بانگەوازێک بۆ کۆبوونەوەی کەسی یەکەمی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە کورسیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر خەڵک و ئایندەی ئەم هەرێمە.
بۆ کۆبوونەوەکەش داواکارم لایەنەکان لەئاستی کەسی یەکەمیاندا بەشداربن بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە کە واپێویستە کاک مەسعود خۆی بەشداربێت و سەردانی سلێمانی بکات، با جارێکیش بڕیاری چارەنووسساز لە سلێمانییەوە بدرێت، باشترە کۆبوونەوەکە لە بارەگای هیچ لایەنێک نەبێت بەڵکو لە شوێنێکی تایبەت بکرێت.
کەسی یەکەمی لایەنەکان هەرچی هەیانە بەڕاشکاوی بەرامبەر یەکتری بیڵێن ئەگەر دەیانەوێت گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکەن دەبێت لە قاچاخچێتی و داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە تا دەگاتە بەهەدەردانی سەروەتی ژێرخان و سەرخانی ئەم وڵاتە لەوێ باسی بکەن، رێگە چارەش بخەنە روو، تا چیتر لە رێگەی میدیاکانەوە برینەکان قوڵتر نەکەینەوە و هاووڵاتیانی کوردستان بێ ئومێدتر نەکەین.
رەنگە هەندێک لایەن ئەم بانگەوازەیان لاسەیربێت و وەڵامێکی پۆپۆلیستی بدەنەوە و بڵێن بەشدارنابین، بەڵام لایەنە سیاسییەکان ئەگەر دوور لە موزایەدەی سیاسی قسەی جدی و چارەسەریان لایە با لە کۆبوونەوەکەدا ئازایانە دەستبخەنە سەر برینەکان و هەرچی لە بەرژەوەندی خەڵک بوو بیڵێن، نەک لە میدیاکانەوە بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت یەکتری تەخوین دەکەن و خەڵکیش بێ هیوا دەکەن.

داواکارم لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییانەوە کەسی یەکەمی هەموو لایەنەکان ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان رابگەیەنن، تاوەکو هاووڵاتیان بزانن و ببینن لایەنەکان بەرژەوەندی حزبی خۆیان وەلا ناوەو بەرژەوەندی خەڵک و کوردستانیان خستووەتە سەروو هەموو شتێکەوە.

لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی ئەم بانگەوازەمان، پێشنیازی تر دەخەینە روو کە هەر لایەنێکی سیاسی بیەوێت دەتوانین پێکەوە دەستەیەک پێکبهێنین و سەردانی لایەنە سیاسییەکانی بەغداد بکەین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار