سوپای پاسداران: هەر هێرشێک بۆسەر ئێران باجی قورسى دەبێت

23 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکەی نوێکردەوە کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو وڵاتە بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە.

حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، هەر لایەنێک دەستی هەبێت لە چالاکییەکی سەربازی دژ بە وڵات، باجی قورس دەدات و پەشیمان دەبێتەوە.

ناوبراو هەروەها جەختی کرد کە ئێران بە تەواوی ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی "هەر سیناریۆیەکی ئەگەری" بووە، بەپێی ئاژانسی هەواڵی کۆڕی پەخشی ئێران، ئیسرائیل ڕووبەڕووی ئاکامێکی ترسناک دەبێتەوە، ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوە ڕووبدات.

سەلامی ئاماژەی بە دوو ئۆپەراسیۆنی پێشووی ئێران کرد کە بە "بەڵێنی ڕاستەقینەی 1 و 2" ناسراوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر هێرشەکان دووبارە بکرێنەوە، وەڵامدانەوەکە "توندتر و فراوانتر" دەبێت.

هەروەها جەختى لەوەکردەوە که ئیسرائیل بەباشی ئاگاداری توانا سەربازییەکانی ئێرانه و هەر پێکدادانێک دەتوانێت ببێته هۆی له ناوچوونی ئەو کیانە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا هۆشدارییەکی ڕوونی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "هەر وڵاتێک بەشداری لەو جۆرە سەرگەرمییە سەربازییەدا بکات، بەرپرسیارێتی تەواوەتی لە ئەستۆ دەگرێت لە دەرئەنجامەکانیان".

ئەم جۆرە هۆشدارییە ئێرانییە لەم دواییانەدا چەندین جار لە لایەن چەند بەرپرسێکی سەربازی و سیاسییەوە دەنگی داوەتەوە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران سەرەڕای ئاستەنگەکان بەردەوام بن.

ئەم لێدوانانە دوای قسەوباسەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هات کە ئەگەری شکستی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، تەلئەبیب هەوڵی لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات.

چوارشەممەى ڕابردوو 4ی حوزەیرانی 2025 عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتارێکیدا رایگەیاند، "لەمەودوا بەردەوام دەبین لە پتەوکردنی تواناکانی گشتگیریی نیشتمانیمان، بەرگریکردن واتە رووبەڕووبوونەوەی هێزە گەورەکان و ملکەچ نەبوون بۆیان."

رێبەری باڵای ئێران دەڵێت، "زیاتر لە 1000 پیلانمان لە دژی وڵاتەکەمان پووچەڵ کردووەتەوە و وەڵامی هەندێکیان دراوەتەوە. پیلا‌نەکان وڵاتەکەمانیان کردبووە ئامانج بۆ لاوازکردنی، بەڵام ئێمە لاواز نەبووین، بەڵکو تواناکانمان لە ناوخۆ و دەرەوەدا زیادیکرد."

خامنەیی پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل راکێشا و گوتی، "پیلا‌نەکانی دژ بە وڵاتەکەمان لەلایەن وڵاتانی خۆبەزلزان، لەپێش هەموویانەوە ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، سەرکردایەتی دەکران."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار