حاجیان دەچنە موزدەلیفەو دەست دەکەن بەردبارانکردنى جەمارات

16 كاتژمێر لەمەوپێش
حاجیان بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی بەردبارانکردنی جەمارات لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی دەستیان پێکردوە، لەدوای کێوی عەرەفە، ئەمڕۆ هەینى، کە دەکاتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، حاجیان دەچنە موزدەلیفە لە مینا، ئەو شوێنەی کە رووکنی بەردبارانکردن (رەجمکردن)ی شەیتان بەجێدەگەیێنن.
وەرزی حەجکردن پشت بە رۆژژمێری کۆچی دەبەستێت؛ بەو پێیەش، حەجکردنی ئەم ساڵی حاجیان لەکاتێکدایە کە پلەی گەرما لە مەککە دەگاتە نزیکەی ٣٨ پلەی سیلیزی.
لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، حاجیان بەرەو مینا و جەمارە بەڕێدەکەون بۆ ئەوەی بەردباران (رەجم)ی شەیتان (ئەهریمەن) بکەن و دواتر قوربانی دەکەن.
لە رۆژی چوارەم تاوەکو رۆژی شەشەم، حاجیان پرچی خۆیان کورتدەکەنەوە و بەرگی ئیحرام دادەکەنن.
دواتر دەگەڕێنەوە کەعبە بۆ ئەوەی تەواف بکەن و جارێکی دیکە رەجمی شەیتان بکەن و بە تەوافی ماڵئاوایی کۆتایی بە رێوڕەسمەکانی حەج دێنن.
بەجێهێنانی فەریزەی حەج، یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئیسلام، لەدوای شایەتومان، نوێژکردن، زەکات و رۆژووگرتن. موسڵمانانیش ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان و نێوخۆی سعودیەش لە شاری مەککەی پیرۆزەوە دەست بە بەجێهێنانی فەریزەکە دەکەن.
بۆ هەر ساڵێکیش ژمارەی ئەو کەسانەی بەشداری دەکەن، لەلایەن سعودیەوە دیاری دەکرێت. هەر موسڵمانێکیش کە تەمەنی گونجاوبێت، ئەگەر لەڕووی تەندروستی و داراییەوە لە توانایدابوو، دەبێت لە تەمەنیدا جارێک حەج بکات.
رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی رێوەڕەسمەکانی حەج، حاجیان دەگەنە مەککە و نیەتی حەجکردن دێنن. رۆژێک دواتر، تەوافی دەوری کەعبەی پیرۆز دەستپێدەکات. دواتر لە هەمان رۆژدا ئەرکی سەفا و مەروە بەجێدەگەیێنن کە حەوت جار هاتن و چوونە لەنێوان گردۆڵەی سەفا و مەروە. پاشان بەرەو مینا بەڕێدەکەون کە هەشت کیلۆمەتر لە کەعبەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە.
رۆژی 9ـی (ذو الحجة) حاجیان لە میناوە بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێدەکەون کە دووریی نێوانیان 16 کیلۆمەتر دەبێت و رۆژەکە لە کێوی عەرەفە بە نزا و پاڕانەوە بەسەردەبەن. ئێوارەی هەمان رۆژ، حاجیان دەگەڕێنەوە موزدەلیفە کە 17 کیلۆمەتر لە کێوی عەرەفەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە.
