بەراورد بە 2024 ئەمساڵ قوربانیکردن بۆ نیوە کەمیکردووە

8 كاتژمێر لەمەوپێش



 

لە یەکەم رۆژى جەژنى قورباندا، بەشێک لە هاونیشتمانییان قوربانییان ئەنجامدا و بەگوێرەى ئامارێک، بەراورد بە ساڵى رابردوو، قوربانیکردن لە یەکەم رۆژى جەژندا لە هەرێمى کوردستان لە کوشتارگە فەرمییەکاندا 50% کەمیکردووە.

دابەشنەکردنی مووچە کاریگەریی لەسەر دۆخی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و بەهۆیەوە جەژنێکی ساردوسڕ بەڕێدەکەن و دەڵێن، دڵیان خۆش نییە و تەنانەت سەردانیکردنی خەڵکیش کەمبووەتەوە و منداڵانیش وەک پێویست بۆ وەرگرتنی جەژنانە بە ماڵاندا ناگەڕێن.

هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر، ڕاگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا تاوەکو کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆ 63 سەر ئاژەڵى گەورە و 196 سەر ئاژەڵی بچووکیان سەربڕیوە.

محەمەد محێدین، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کوشتارگەی سلێمانییش دەڵێت، لەیەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە کوشتارگەکەیان 410 سەر ئاژەڵ کراوە بە قوربانیی، بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە 50% کەمیکردووە.

بەڕێوەبەری کارگێڕیی کوشتارگەی سلێمانی گوتیشى، لە یەکەم رۆژدا تەنیا سێ هاونیشتمانیی قوربانییان کردووە، 407 سەر ئاژەڵەکەى دیکە لەلایەن رێکخراوەکانەوە هێنراون بۆ قوربانیی.

هاوکات، دڵنیا فاروق بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەریی پارێزگاى هەڵەبجە رایگەیاند، رێژەی قوربانیی بەراورد بە ساڵی رابردوو لە سنوورى پارێزگاکەدا، %50 کەمیکردووە و لەیەکەم رۆژی جەژندا تاوەکو کاتژمێر 20ـى شەو، تەنیا 82 سەر ئاژەڵ کراون بە قوربانیی.

لەبارەى ئامارى قوربانیکردن لە رۆژى یەکەمى جەژندا، بەڕێوەبەرایەتى ڤێرتێرنەریی پارێزگاى دهۆک رایانگەیاند، لە کۆتا رۆژى جەژندا ئامارەکان رادەگەیەنن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سێ رۆژى دیکەى جەژنى قورباندا، قوربانیکردن تیایدا رێگەپێدراوە و هاونیشتمانییان و رێکخراوە خێرخوازییەکان قوربانیی ئەنجامیدەدەن، بەمەش ئامارەکانى قوربانیکردن لە جەژنى قوربانى 2025دا لە هەرێمى کوردستان زیاد دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار