لە هێرشێکى ئیسرائیلدا بۆ سەر غەززە 34 کەس گیانیان لەدەستدا

10 كاتژمێر لەمەوپێش
میدیا فەلەستینییەکان ڕۆژی شەممە بڵاویانکردەوە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٣٤ فەلەستینی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین، "بەهۆی تەقەی هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیلەوە لە نزیک ناوەندێکی دابەشکردنی هاوکاری لە ڕۆژئاوای ڕەفەح، لە باشووری کەرتی غەززە، پێنج هاووڵاتی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون".
ناوەندەکە بڵاویکردەوە، "بەهۆی بۆردومانکردنی خێمەیەک کە فڕۆکەکانی ئیسرائیلی لە ڕۆژئاوای خان یونس ئاوارەکانی تێدابووە، پێنج فەلەستینی ئاوارە کوژراون و 10ی دیکەش برینداربوون".
لەلایەکى دیکەوە کازم ئەبو خەلەف، گوتەبێژی رێکخراوی یونیسێف لە فەڵەستین دەڵێت، هیچ پاساوێک بۆ کوشتنی منداڵانی غەزە نییە، کە لە ماوەی جەنگی غەزە نزیکەی 50 هەزاریان لێ کوژراوە و بریندار کراون.
خەلەف لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، تووڕەیی جیهانی هەیە سەبارەت بەوەی لە غەزە روودەدات، بە کوشتنی منداڵان و کاولکردنی غەزەش، ئاشتی لە ناوچەکە بەدی نایەت.
خەلەف سەرکۆنەی ئەوە دەکات برسیکردن وەکو چەک بەکاربهێنرێت و بە تاوانی جەنگ باسی دەکات، داواش لە ئەمریکا دەکات هاوکارییەکان و دەرمان بنێرێتە غەزە و دەڵێت، بەردەوامن لە دروستکردنی فشاری سیاسی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان لەکاتێکدا دۆخی غەزە تا بێت خراپتر دەبێت.
