بەهۆى ئەوەى بایکۆتیانکردوە تەندروستی هەولێر 20 پزیشک سزادەدات 

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

یەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستی هەولێر سزای 20 پزیشک دەدات و لیژنەیەکی چاودێریی بۆ سەردانی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی پێکدەهێنێت، لەسەر بایکۆتکردنی دەوامی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان.

بەپێی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، کە ئیمزای د.دلۆڤان محەمەد فاتح بەڕێوەبەری گشتی لەسەرە، دوای سەردانی بۆ نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری لە دووەم رۆژی جەژن و لەسەر راپۆرتی سەرۆکی پزیشکانی خولاو، سزای یەک رۆژ نەهاتوو و بڕینی مووچەی بۆ 12 پزیشک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رزگاریی و بەشی روداوەکان و چاودێریی چڕ دەرکردووە.

هەمان رۆژ و بە نوسراو بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر، سزای یەک رۆژ مووچە بڕین و نەهاتنی بۆ 7 پزیشکی دیکەی نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری منداڵان لە دووەک رۆژی جەژن دەرکردووە، ئەویش بە هەمان شێوە لەسەر راپۆرتی سەرۆکی پزیشکانی خولاو.

تەندروستی هەولێر نوسراوێکی دیکەی ئاڕاستەی نەخۆشخانە تایبەتەکان کردووە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی دەوام نەکردنی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و دێرین، نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت ئاگادار دەکەنەوە کە هەر پزیشکێکی نیشتەجێی خولاو و دێرین لە کەرتی گشتی پابەندی دەوام نەبووە، نابێت لە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش دەوام بکات و هەڕەشەی سزادانیان دەکات.

هاوکات لەگەڵ سزادانی ئەو پزیشکانە، تەندروستی هەولێر لیژنەیەکی بەدواداچونی پێکهێناوە بۆ سەردانی ئەو فریاکەوتن و نەخۆشخانە و سەنتەرانە کە بەشێوەی 24 کاتژمێری کاردەکەن.

تەندروستی هەولێر دەڵێت: لیژنەکە بۆ بەدواداچوون و لە نزيکەوە ئاگاداربوونە لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی تەندروستی و کێشە و گرفتەکان.

سزادانی ئەو پزیشکانە دوای ئەوە هات کە رۆژی شەممە (7ـی حوزەیرانی 2025)، پزیشکانی نیشتەجێێ خولاوی ساڵی یەکەم و دووەمی هەولێر، سلێمانی، سۆران، کۆیە، رپەڕین و گەرمیان رایگەیاندراوێکیان ئاڕاستەی رای گشتی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی تەندروستی، بەڕێوبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکان و بەڕێوبەرانی سەرجەم نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکان کرد و هۆشدارییاندا لەوەی ماوەی شەش مانگە دۆخێکی چەقبەستوو درووستبووە بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی تازە دەرچوو، بەجۆرێک سەرجەم پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم و سێیەم تا پزیشکانی پایە بڵند بەو هۆیەوە ماوەی شەش مانگە لە دەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکییان خزمەت دەکەن و لە شوێنەکانی خۆیان ماونەتەوە.

ئاماژەیان بەوەکردووە: پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەم لەماوەی رابردوو هەموو ڕێگەیەکی یاسایی و مەدەنییان گرتەبەر  بەرامبەر ئەم دۆخە کە مەترسی دروست دەکا لەسەر سیستەمی تەندرووستی کوردستان، لەکۆتا هەڵوێست بەیاننامەیەکیان بە ناو و ئیمزای 1600 پزیشک لەسەرتاسەری کوردستان لە گردبوونەوەیەک پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار کرد.

نیگەرانیی خۆیان نیشانداوە لەوەی؛ وەزارەتی تەندروستی نەک هیچ پلانێکی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵکو بەبێ حسابکردن بۆ رای ئێمەی پزیشک، تاک لایەنانە هەستاون بەشێواندنی سیستەمی پلەبەندی پزیشکی، بەجۆرێک کە پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم ناچار دەکات دەوامی سێ خولی پزیشکی بخەنە ئەستۆی خۆیان، بەبێ هەڵسەنگاندنێکی ورد و حیسابکردن بۆ لێکەوتە وکورتخایەن و درێژخایەنەکان و ئەو لۆدە زۆرەی کە دەکەوێتە سەر پزیشکان.

لە بەیاننامەکەدا رایاگەیاندووە: رۆژی شەممەوە 7ـی حوزەیرانی 2025 کاتژمێر 8ـی بەیانی بایکۆتی دەوامکردن لە سەرجەم فریاکەوتن و نەخۆشخانەکانی هەولێر، سلێمانی، سۆران، کۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان بە هەمو بەشەکانیانەوە رادەگەیەنین تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار