وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران: بەمزوانە بەڵگەنامە ئەتۆمیەکانى ئیسرائیل بڵاودەكەینەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئێران بەڵگەنامەكانی تایبەت بە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی قەوارەی زایۆنی (ئیسرائیل)ی دەستكەوتووەو گواستویەتییەوە بۆ ناوخۆی وڵات و؛ بەمزوانە بڵاودەكرێنەوە.
ئەو وتیشى: ئۆپراسیۆنی بەدەستهێنانی بەڵگەنامە ئەتۆمییەكانی ئیسرائیل بەرفروان و ئاڵۆزو هەمەلایەنە بوون، بەوردییەكی زۆرەوە پلانی بۆ دانرابوو.
ئەم ئۆپراسیۆنە سەرەتا بە دزەكردن و دواتر راكێشانی سەرچاوەكان دەستیپێكرد تا گەیشتە زانیارییەكان، كە سوپاس بۆ خوا ئێستا گەنجینەیەكی ستراتیژی زۆر گرنگمان هەیە.
ئەو بەڵگەنامانەی كە دەستمان كەوتووە تەنیا تایبەت نییە بە بواری ئەتۆمی ئیسرائیلەوە، بەڵكو زانیاری لەبارەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكاو ئەوروپاو وڵاتانی تریش لەخۆدەگرێت، ئەمانە لەپاڵ زانیاری هەواڵگریی تر كە توانای بەرگریمان بەهێز دەكات.
هەروەك چۆن كرۆكی بەڵگەنامەكان گرنگن، شێوازی گواستنەوەشیان بەهەمان شێوە گرنگە، بەشێوەیەكی تەواوەتی پارێزگاریمان لێكردووەو لەڕووی میدیاییەوە بێدەنگیمان لێكردووە تاوەكو بەڵگەنامەكان بە سەلامەتی دەگەنە ئێران، بۆیە ئێمە میكانیزمی گواستنەوەی بەڵگەنامەكان لە ئێستادا ئاشكرا ناكەین، بەڵام جەخت دەكەینەوە كە بەمزوانە ئەو بەڵكەنامانە بڵاودەكەینەوە.
