عیزەت شابەندەر وەک نوێنەرى سودانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبێتەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
عیزەت شابەندەر نوێنەری تایبەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە دیمەشق و؛ لە كۆشكی گەل لەلایەن ئەحمەد شەرعی سەرۆكی كاتیی سوریاوە پێشوازی لێكرا.
شابەندەر یەكێك لە كارەكتەرە سیاسییەكانی شیعەی عێراقە، كە لەدوای كەوتنی رژێمی ئەسەدەوە لە چاوپێكەوتنێكدا باسی لەوە كرد كە لە منداڵییەوە ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی) دەناسێت و كاتێك ماڵی لەناوچەی (مەزە) بووە لە دیمەشق لەگەڵ ماڵی باوكی ئەحمەد شەرعدا نزیكی یەكتر بوون و ئەو قسانە راست نین كە دەڵێن ئەحمەد شەرع ئەسڵ و فەسڵی نییە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەپێچەوانەی بۆچوونی زۆرێك لە لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران لەهەوڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراقدایە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، بۆ ئەمەش دووجار بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ناردووە بۆ سوریاو خۆشی لە قەتەر جارێك ئەحمەد شەرعی بینوە، بەڵام سەرباری ئەمەش ئەحمەش شەرع بەهۆی هەڕەشەو ناڕەزایەتیی لایەنە شیعەكانەوە خۆی بوارد لە بەشداریكردن لە لوتكەی ئەمدواییەی كۆمكاری عەرەبی لە بەغداد.
