یەكشەممە خولێكی نوێی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا بەڕێوەدەچێت

19 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویكردەوە، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو خولێكی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوە بچێت، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە بەڕێوە دەچێت.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو خولی داهاتووی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا لە شاری مەسقەت بەڕێوە بچێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی دانوستانکاری ئێران، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە گەشت بۆ نەرویج دەکات.
پێشتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە: تاران بەم نزیکانە لە رێی عومانەوە پێشنیازێک دەخاتە بەردەم لایەنی ئەمریکی و دەبێت ئەمریکا ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە: ئێران لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وەڵامی فەرمی خۆی بۆ پێشنیازی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەخاتە ڕوو، وەڵامەکە بە نوسراو دەبێت و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە دەگەیەنرێت.
رونیشیکردەوەتەوە: چاوەڕوان دەکرێت ئێران لە وەڵامەکەیدا پێشنیازێکی جێگرەوە بۆ رێککەوتنەکە بخاتەڕوو، کە بریتییە لە پاراستنی بنەمای پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران، لەگەڵ گرتنبەری هەنگاوی پێویست بۆ رەواندنەوەی مەترسی و بانگەشەکانی ئەمریکا، لە بەرامبەر هەڵگرتنی چالاكانەی سزاکان.
