نەتەوە یەکگرتووەکان: ئیسرائیل شوێنە مێژوویی و ئایینییەکانیش وێران دەکات

2 ڕۆژ لەمەوپێش
لیژنەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئیسرائیل پەلاماری ئەو شوێنە مێژووی و ئایینییەکانی کەرتی غەززە دەدات کە هاووڵاتییان وەکوو پەناگە بەکاریان هێناوە، لە ئەنجامدا هەزاران کەس کوژراون و ئەمەش و بە تاوانی جەنگ دادەنرێت.
سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، لە تازەترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل سیستەمی پەروەردەی کەرتی غەززە و نیوە زیاتری شوێنە مێژووی و ئایینییەکانی وێران کردووە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکە ئاماژە دراوە "هێزەکانی ئاسایشی ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر پەناگەکانی وەکوو قوتابخانە و شوێنە ئایینییەکان و کوشتنی هاووڵاتییان، بە تەواوی لە تاوانی جەنگ تێوەگلاوە.
هاوکات ناڤی پیلەی، سەرۆکی لیژنەکە، لەو بارەیەوە گوتی: بە چاوەی خۆمان بینیمان کە ئیسرائیل نیازی وایە وێرانکاریی زیاتر لە غەززە بنێتەوە و ژیانی هاووڵاتییان لەناو ببات.
هەروەها ئاژانسی فرانس پرێس، لەسەر زاری سێ ئەندامی لیژنەکە ڕاگەیاندووە "ئیسرائیل پەلاماری چەند پەناگەیەکی داوە، کە بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژراون، لە نێوانیان دا منداڵ و ئافرەتیش هەبوون.
لیژنەکە، لە کۆتا ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی دابوو، ئیسرائیل %90 باڵەخانەکانی زانکۆ و قوتابخانەکان و نیوە زیاتری شوێنە ئایینییەکانی وێران کردووە.
لە مانگی ئاداردا لیژنەکە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووە و تێیدا بەهۆی پەلاماردانی دامەزراوەکانی چاودێریی تەندروستیی ئافرەتان لە غەززە، ئیسرائیلی بە کردنی جینۆساید تۆمەتبار کردبوو، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ڕەتی کردەوە و ڕاپۆرتەکەی بە دژە جوو ناو برد.
