حەشدى شەعبى لەگوندێکى کەرکوک منداڵێکى تەمەن ١١ دەکوژێت

یەک هەفتە لەمەوپێش
لەگوندی بریجى سەربە پارێزگاى کەرکوک، لەکانێکدا چەند منداڵێک سەرقاڵى یاریکردن و ئاهەنگگێڕان بوون بەبۆنەى جەژنەوە، چەکدارێکی حەشدی شەعبی تەقەیان لێدەکات و بەوهۆیەوە منداڵێکی تەمەن 11 ساڵان بەناوی حەیدەر موهەنەد دەکوژرێت، ڕوداوەکە لە ڕۆژى سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025 بووە.
لە ماوەی دوو رۆژى ڕابردوودا بەهۆى ئەو ڕوداوەوە خەم و پەژارەیەکى زۆر باڵى بەسەر دانیشتوانى ئەو گوندەدا کێشاوە، ئەو گوندە کە دەکەوێتە قەزای حەویجە، دوێنێ سێشەممە، حەیدەرى تەمەن 11 ساڵانیان بەخاک سپارد.
هاوکات بنەماڵەی قوربانییەکە و گوندەکانی دراوسێی داوایان لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری کردووە دەستوەردان بکەن و ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر بە لەسێدارەدانی تاوانباران بە ئاشکرا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو جۆرە ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی پشتڕاستی کردەوە منداڵەکان ئاهەنگێکیان ڕێکخستبوو بۆ بەبۆنەی جەژنی قوربان و چێژوەرگرتن لە ژەمی ئێوارە لە شوێنێکی نزیک گوندەکە.
باوکی منداڵەکە بەناوى موهەنەد، بە میدیای ناوخۆیی عێراقی وت: کوڕەکەم تەمەنی 11 ساڵە، لەلایەن چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە گوندی 'بریج' لە نزیک بازگەی 'فەتحە' لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک بریندار کرا و دواتر گیانی سپارد.
گوتیشی: کوڕەکەم لەگەڵ چوار هاوڕێی خۆی لە نزیک بازگەکە یارییان دەکرد، کاتیك لەلایەن چەکدارێکی حەشدی شەعبی تەقەیان لێ کرا و بریندار کرا، دواتر دەگوازرێتەوە نەخۆشخانە، بەڵام لەوێ گیانی سپارد.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، هێزە ئەمنیەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە و دیاریکردنی هۆیەکەی کردووەتەوە. هەروەها چەکدارەکەی حەشدی شەعبیش دەستگیر کراوە کە خەڵکی ناوچەی شوعلەی بەغدایە.
هاوکات وێنەی ئەو کوڕە گەنجە لە سۆشیال میدیادا ترێند بووە و زۆرێک لە عێراقییەکان پرسیاریان کردووە کە بۆچی حەیدەر کوژراوە.
هەروەها زۆرێک لە تویتەرەکان وێنەی دوایین ژەمی ئێوارەیان بڵاوکردەوە کە منداڵەکان پێش ئەوەی فیشەکیان لێبدرێت ئامادەیان کردبوو.
