الشرق الأوسط: ئێران هیچ ڕۆڵێکی لە دانوستانی ئاگربەستی غەززەدا نییە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
ڕۆژنامەى الشرق الأوسط لەزارى چەند سەرچاوەیەکى حەماسەوە بڵاویکردەوە کە بەرپرسانى ئێران هیچ ڕۆڵێکیان نییە لەدانوستانەکانى ئاگربەستى غەززە، چەند سەرچاوەیەکی ناو بزووتنەوەکە ڕەتیانکردەوە کە تاران ئاگادارى وردەکارى ئەو دانوستانانە بێت کە ئامانج لێی وەستاندنی شەڕەکە بوو کە نزیکەی 20 مانگە بەردەوامە.
ئەمەش لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان کرد بەوەى ڕایگەیاندن ئێران بەشداریکردوە لە دانوستانە وەستاوەکانی ئاگربەستی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا.
ترامپ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە وتی: ئێستا غەززە لە ناوەڕاستی دانوستانێکی گەورەی نێوان ئێمە و حەماس و ئیسرائیلدایە و ئێرانیش لە ئێستاوە تێوەگلاوە و دەبینین چی بەسەر غەززەدا دێت، دەمانەوێت بارمتەکان بگەڕێنینەوە. سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ڕاگەیاندنەکەیەوە نەچووە ناو وردەکارییەکان.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی عیبری یەدیوت ئەهرۆنۆت، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بەپەلە ڕەتیانکردەوە هیچ ڕۆڵێکی ئێرانی لە دانوستانەکاندا هەبێت.
سەرچاوەیەکی باڵاو ئاگاداری بزووتنەوەی حەماسیش بە ئەشەرق ئەلئەوسەت-ی ڕاگەیاند، "ئێران ڕاستەوخۆ دەستی لە دانوستانەکان نەداوە، هەروەها داوای هیچ ئیمتیازێکیان لە بزووتنەوەکە نەکردووە و گوشاری بۆ دروست نەکردووە".
ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە کە پێوەندی ئێران لەگەڵ دانوستانەکان "بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە چاودێریکردنی دانوستانەکانەوە، بە لێکۆڵینەوە لەوەی کە ئایا ڕێککەوتنێک نزیکە یان نا بەبێ ئەوەی تێوەگلێنرێت لە وردەکاری زیاتر".
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم (زانیارییە) لە چوارچێوەی پەیوەندییە بەهێزەکەی (ئێران) لەگەڵ بزووتنەوەکە و سەرکردایەتیەکەیدا دێت، نەک بە ئامانجی بەشداریکردن لە دانوستان".
سەرچاوەکە هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی ئێران لێی ئاگادار دەکرێتەوە لەگەڵ "هەندێک وڵات و گروپەکانى فەلەستین، لەوانە فەتحیش لە هەندێ کاتدا، سەبارەت بە وردەکارییەکانی دانوستانەکان، بەتایبەت کاتێک چالاکی جیددی هەیە کە دەتوانێت بەم زووانە ببێتە هۆی ڕێککەوتن".
لەلایەکى دیکەوە سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ڕایگەیاند، پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان بەرەوپێشچوونێکی باشی بەخۆوە بینیوە، بەڵام گەشبین نیم، هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانەکانیش ئاماژەی داوە، ئەمەریکا فشارێکی زۆر دەکات حەماس و ئیسرائیل ڕێک بکەون.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لەلایەن نووسینگەکەی بڵاو کراوەتەوە، لەبارەی دانوستانەکەیان لەگەڵ حەماس ڕایگەیاند، بەرەوپێشچوونێکی زۆر باش لە پرۆسەی ئازاد کردنی بارمتەکان هەیە، بەڵام هێشتا هیچ هیوایەک بۆ ڕێککەوتن نییە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، واشنتن دڵنییایەکی زۆری بۆ کۆتاییهێنانی شەڕ بە حەماس داوە، بەڵام ئەوە تەنیا لایەنی ئەمەریکایە کە گەشبینە، ئیسرائیل هیچ گەشبین نییە.
گوتیشی: فشارێکی زۆر لە واشنتن هەیە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئیسرائیل و حەماس ڕێک بکەون.
