سی بی ئێس نیوز: ئیسرائیل بەتەواوی خۆی ئامادەکردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

دوێنێ
تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس نیوز" ئەمریكی، لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە: بەرپرسانی ئەمریکا زانیارییان پێگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکەن، ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی ئیسرائیل و وتەبێژی کۆشکی سپی ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو زانیارییانە بدەن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆ ک وەزیرانی ئیسرائیل بەشێوەیەكی بەردەوام گومانی خۆی لەبارەی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەردەبڕێت و نوسینگەکەشی دەڵێت: ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی بێشوماری ئاشکرا و شاراوەی ئەنجامداوە، بۆ سنوردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.
راپۆرتەکانی پێشووتر ئاماژەیان بە خواستی ئیسرائیل کردووە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، تەنانەت لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکاش داوایان لێکردووە ئەو کارە نەکات، بەهۆی بەردەوامی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
مانگی ئایار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا ئاشكرایكرد، داوای لە ناتانیاهۆ کردووە هێرش نەکاتە سەر ئێران، لەکاتێکدا ئیدارەکەی بەردەوامە لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران.
