عێراق: هیچ ڕووداوینەداوە پێویستی بەوەهەبێت ئەمریکییەکان بەغدا جێبھیڵن

دوێنێ



 

سەرچاوەیەکی حکومی ڕەتیکردەوە کە عێراق هەر ڕووداوێکی ئەمنی دەستنیشان کردبێت کە پێویستی بە چۆڵکردنی کارمەندانی ئەمریکا هەبێت لە باڵیۆزخانەی بەغدا. ئەمەش دوای ئەوە هات کە سەرچاوە ئەمریکی و عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە واشنتۆن خۆی بۆ چۆڵکردنى باڵیۆزخانەکەى ئامادە دەکات.

سەرچاوەکەی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، دەسەڵاتداران هیچ مەترسییەکیان بەدی نەکردووە. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق.

ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیاند، لەسەر بنچینەی دوایین هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی ناوچەکە، بڕیاریان داوە قەبارەی نێردەکەیان لە عێراق کەم بکەنەوە، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا چاودێریی "گرژییە زیادبووەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات"

بەرپرسێکی باڵاى ئەمریکا بەکەناڵى ئەلعەرەبییە ڕاگەیاندووە کە واشنتۆن هێزی سەربازیی زیاتری بۆ ناوچەکە نەناردووە، ئەو بەرپرسە وتوشیەتى: ڕۆیشتنی ئەندامانی خێزانە ئەمریکییەکان بەهۆی هەڕەشەی هێزەکانی ئیسرائیلەوە بووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە چۆڵکردنی ئەندامانی خێزانە ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێکارێکی خۆپارێزییە.

چوار سەرچاوە ئەمریکییەکە و دوو سەرچاوە عێراقییەکە مەترسییە ئەمنییەکانی پشت بڕیاری چۆڵکردنەکەیان دیارینەکردووە. بەڵام ئانا کێلی وتەبێژی کۆشکی سپی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێداچوونەوەی وەرزی بە کارمەندانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدات و ئەم بڕیارەش دەرئەنجامی پێداچوونەوەی ئەم دواییە بووە.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەزری راگەیاند: "وەزارەتی دەرەوە کشانەوەیەکی رێکخراو بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رێکدەخات. مەبەستەکە ئەوەیە ئەو کارە لە رێگەی گەشتی بازرگانییەوە بکات، بەڵام سوپای ئەمریکا لەسەر هێڵە، ئەگەر هاوکاری پێویست بوو". 

لەلایەکى دیکەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەکرێت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "مەترسیدار" بێت و دەڵێت، لەبەر ئەو هۆکارە کارمەندان و سەربازەکانیان ئاگەدار کردوونەتەوە بکشێنەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن لەبارەی کشاندنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد. 
 
ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی، "ئەوان [کارمەند و سەربازەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست] دەکشێندرێنەوە، چونکە دەکرێت ئەوێ شوێنێکی مەترسیدار بێت و دەبینین چی روودەدات، بەڵام ئاگادارمان کردوونەتەوە بکشێنەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار