شەرقلئەوسەت : سودانى دەستی گەیشتووە بە ئەرشیفەکەى ئەسەد

24 كاتژمێر لەمەوپێش



 

رۆژنامەی شەرقلئەوسەت دەڵێت، سودانی دەستی گەیشتووە بە کۆمەڵێک ئەرشیفی سەردەمی بەشار سەد، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەترسن کاتی هەڵبژاردن لە دژیان بەکاربێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەکە، عیزەت شابەندەر بە نوێنەرایەتى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بەمەبەستى دەستخستن و رادەستکردنى بەشێک لە ئەرشیفى دەزگاى هەواڵگرییەکەى بەشار ئەسەد بە نهێنى چەند جارێک سەردانى دیمەشقى کردووە.

ئەوەى پەیوەندیی بە عێراقەوە هەبێت ئەحمەد شەرع رادەستى نوێنەرەکەى سودانى کردووە، ئەوەش بووەتە مایەى نیگەرانى بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان و ترسى ئەوەیان لێنیشتووە لە کاتى هەڵبژاردنى ئەمجارەدا لە دژیان بەکاربهێنێرت، بە تایبەتیش رکابەرەکانی لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی.

بەشێکى زۆر لە کەسایەتی سیاسی و لایەنە عێراقییەکان ترسیان لێنیشتووە رۆژێک لە رۆژان ئەو ئەرشیفە دزە بکاتە دەرەوە یان ئاشکرا ببێت.

 زۆربەی كات سەردانی فەرمیی بەرپرسە عێراقییەكان بۆ دیمەشق، بەتایبەت لەم چەند مانگەی دواییدا، بووەتە جێگەی مشتومڕ، بە چاوخشاندنەوە بەوەی سەردانەكان نهێنی بوون و دواتریش كۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ روونكردنەوەی ناوەڕۆكی سەردانەكان ئەنجام نەدراون.

لە چوارچێوەی وەڵامەكان بۆ سەردانی نێردەی تایبەتی سودانی بۆ دیمەشق، هاوپەیمانی "بنیاتنانەوە و گەشەپێدان" كە سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، رەتیدەكاتەوە "ئەرشیفی هەواڵگری سوریایان پێگەیشتبێت سەبارەت بە عێراق و بەكاریبهێنن وەك كارتێكی فشار دژ بە نەیارەكانیان لە كاتی هەڵبژاردندا".

لەوبارەیەوە، عەبدولهادی سەعداوی، یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانێتیەكەی سودانی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "سودانی پێویستی بەو ئامرازانە نییە، لەكاتێكدا ئاستی جەماوەری بەرزبووەتەوە و لەلایەن پێكهاتە جیاوازەكانەوە پەسەندكراوە".

لە 20 ی ئایاری رابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی بەناوی "بنیاتنانەوە و گەشەپێدان" راگەیاند، ئەویش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

هاوپەیمانێتییەكە هەریەك لە رەوتی رافیدەین بە سەرۆكایەتی سودانی، هاوپەیمانی عێراقییە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، پەیماننامەی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، لەگەڵ چەند هێزێكی دیكە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار