باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق هۆشدارییەکى توند دەدات

دوێنێ



 

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنێت: لە (11) حوزەیراندا، وەزارەتی دەرەوەی فەرمانی كردووە بە رۆیشتنی فەرمانبەرە نا سەرەكییەكان، بەهۆی زیادبوونی پشێوییە هەرێمایەتیەكان، داواش دەكات هاوڵاتیانی ئەمریكا گەشت بۆ عێراق نەكەن بەهۆی تیرۆرو رفاندن و ململانێی چەكداری.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا راشیگەیاندووە: هاوڵاتیانی ئەمریکی روبەڕوی مەترسیی جدی دەبنەوە، لەوانە توندوتیژی و رفاندن، بەهیچ هۆكارێك گەشتی عێراق نەكەن، دەشڵێت: تاقمە تیرۆریستی و یاخیبوەکان بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و خەڵکی سڤیل و، میلیشیا نەیارەكانی ئەمریكا هەڕەشە لە هاوڵاتیانی ئەمریکی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکەن.

شەوی رابردوو لە پڕێکدا هەواڵی ئامادەکاریی باڵیۆزخانەکانیی ئەمریکا لە بەغداد و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چۆڵکردن بڵاوکرایەوە.

سەرەتا ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکی و عێراقییەوە رایگەیاند، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ئامادەکاریی دەکات بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی چۆڵکردنی بارەگاکەیان لە بەغداد، بەهۆی پەرەسەندنی دۆخی ئەمنی لە ناوچەکە.

رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی گواستەوە، لەسەر بنەمای دواهەڵسەنگاندنەکانیان، بڕیاریانداوە قەبارەی نێردەی دیپلۆماسیان لە عێراق کەمبکەنەوە.

هەروەها لە کوەیت و بەحرەینیش ئەمریکا بڕیاریداوە کارمەندە لاوەکییەکانی باڵیۆزخانەکانی بکشێنێتەوە.

بەهەمانشێوە، ماڵپەری مۆنیتۆر بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رێگەی بە کەسوکاری ژمارەیەک سەرباز لە وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە ئەمریکا.

لەلایەکى دیکەوە ئەبو ئالائی وەلائی، فەرماندەی میلیشیای كەتائیبی "سەید شودهەدا" لە عێراق، كە یەكێكە لە گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران، هەڕەشە لە سوپای ئەمریكا دەكات و دەڵێت: ئەگەر شەڕ دەستپێبكات، سەدان خۆكوژ"ئیستیشهادی" ئامادەن.

وەلائی، لە نوسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" دەڵێت: ئەگەر جەنگ هەڵبگیرسێت، سەدان خۆكوژ ئامادەن و جارێكی تر شكۆی ئەمریكا دەشكێنن، وەك چۆن یەكەم جار لە عێراق شكاندیان، كاتێك چوونە دەرەوەو كلكی نائومێدیان راكێشا.

وەلائی ئاماژە بەوەشدەكات: ئەوكات هیچ شوێنێك بۆخۆی و بەكرێگیراوەكانی نامێنێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو رژێمانەش دەڕوخێن كە خۆیان بە داگیركەر دەپارێزن و، سەركەوتن بۆ خوداو بەندە چاكەخوازی دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار