ئەمریکا هاتوچۆی کارمەندەکانی لە ئیسرائیلیش سنوردار دەکات

دوێنێ



 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە، داواى لە فەرمانبەرانی حکومەتی وڵاتەکەى و ئەندامانی خێزانەکانیان کردوە کە هاتووچۆکانیان لە ئیسرائیل قەدەغەبکرێت بۆ دەرەوەی ناوچەکانی تەلئەبیب، قودس تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا ئەم سنووردارکردنانەی سەپاندووە بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکەوە.

سوپای ئیسرائیل لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕکردەوە، بە ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئازادکردنی ئەو زیندانیانەی کە ماونەتەوە و دەستبەسەرداگرتنی کۆنترۆڵی کەرتی غەززە و لەناوبردنی حەماس کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە دەسەڵاتی لە غەززە بەدەستەوەیە.

ئیسرائیل توندوتیژترین شەڕی خۆی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد لە وەڵامی ئەو هێرشە بێ وێنەیەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە دژی ئیسرائیل ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا هەزار و ٢١٩ کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون، ئەمەش بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەکرێت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "مەترسیدار" بێت و دەڵێت، لەبەر ئەو هۆکارە کارمەندان و سەربازەکانیان ئاگەدار کردوونەتەوە بکشێنەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن لەبارەی کشاندنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد. 
 
ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی، "ئەوان [کارمەند و سەربازەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست] دەکشێندرێنەوە، چونکە دەکرێت ئەوێ شوێنێکی مەترسیدار بێت و دەبینین چی روودەدات، بەڵام ئاگادارمان کردوونەتەوە بکشێنەوە."
 
پێش گوتەکانی ترەمپ، بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندبوو، بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق کەمدەکرێتەوە، هاوکات راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کارمەندەکان لە کوێت و بەحرەینیش گواستراونەتەوە.
 
ترەمپ هەروەها جەختیشی کردەوە، کە "رێگە نادات" ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش لەکاتێکدایە گومانەکان لەبارەی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران زیاتر بوون.
 
لە بەرامبەردا، ئێران رۆژی چوارشەممە هەڕەشەی کرد، کە ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار