ناتانیاهۆ: هێرشەکانى سەر ئێران چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت

22 كاتژمێر لەمەوپێش
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دەستپێکردووە بە ئامانجی شکستپێهێنانی هەڕەشەی ئێران بۆ سەر بوونی ئیسرائیل.
ناتانیاهۆ لە وتەیەکی ڤیدیۆیدا وتی ئیسرائیل دامەزراوەی سەرەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی لە نەتەنز کردۆتە ئامانج.
جەخیشی لە بەئامانجگردنی زانایانی ناوداری ئێرانی کردەوە کە کار بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی ئێرانی دەکەن و وتی: لە دڵی بەرنامەی موشەکی بالیستی ئێرانمان داوە.
ناتانیاهۆ وتیشی: ئێران ئەوەندەی یۆرانیۆمی پیتاندووە کە بتوانێت نۆ بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.
رونیشی کردەوە: ئەم ئۆپەراسیۆنە زیان بە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران و توانا سەربازییەکانی و کارگەکانی موشەکی بالیست دەگەیەنێت. ئاماژەی بەوەدا: ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.
بەیانیی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسداران لە چەند پارێزگایەکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. هاوکات لە چەند ناوچەیەکی عێراقیش دەنگی تەقە و تەقینەوە بیستراوە.
ئاژانسی تەسنیمی نیمچە فەرمیی ئێران، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەمڕۆی رژێمی زایۆنیدا بۆ سەر وڵاتەکەمان، هەریەک لە عەبدولحەمید مینوچەهر، ئەحمەدڕەزا زولفەقاری، سەید ئەمیرحسێن فەقیهی، موتەلیبزادە، محەمەدمەهدی تارانچی و فەرەیدوون عەباسی، کە لە زانا ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، شەهید بوون.
