ئێران: زیان بەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنز کەوتووە

20 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایدەگەیەنێت، زیان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکەی نەتەنز کەوتووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
لە بەیاننامەکەدا ڕێکخراوى ناوبراو ئاماژە بەوە کراوە کەبەپێى لێکۆڵینەوەکانیان هیچ نیشانەیەکى پیسبوونى تیشکدەر و کیمیایی لە دەرەوەی نەتەنز ڕویدابێت.
دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز دەکەوێتە 320 کیلۆمەتر باشووری تاران و بەشێکی لەژێر زەویدایە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13-06-2025، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئێران. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکەیان "لە دڵی پرۆگرامی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران"ـی داوە و ئامانجیان دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز و زانایانی ئەتۆمی بوون.
هاوکات، دۆخی لەناکاو لە ئیسرائیل راگەیێندراوە و ئەمریکاش جەخت دەکاتەوە کە بەشداریی لە هێرشەکەدا نەکردووە.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکەمان تاوەکو پێویست بکات بەردەوام دەبێت.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بە دیاریکراوی دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنزی کردووەتە ئامانج و "زانایانی ئەتۆمی"ـش بەشێک بوون لە ئامانجەکان.
بە گوتەی نەتەنیاهوو، "دەیان ئامانجی ئەتۆمی و سەربازی" بە ئامانج گیراون.
پێشتر، میدیای ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی دیکەی سەربازیی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە، هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی "پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکە و توانا مووشەکییە دوورمەوداکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج."
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، رۆژی دووشەممە 09-06-2025 بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیوا ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل بڕیاریان داوە کە هێرشەکە ئەمڕۆ هەینی دەستپێبکات.
