حەشدى شەعبى: هەموو کۆڕو کۆبوونەوەکانى هەڵوەشاندنەوە

18 كاتژمێر لەمەوپێش
هێزەکانی حەشدى شەعبى، ئەمڕۆ هەینی ڕایانگەیاند سەرجەم بۆنە و ئاهەنگەکانی بەبۆنەی ڕۆژی دامەزراندنى ئەو گروپەوە هەڵوەشاندوەتەوە، بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆسەر ئێران.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندنی هێزەکانی حەشدى شەعبیەوە بڵاوکراوەتەوە تیایدا هاتووە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم چالاکییەکانی پەیوەست بە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی دامەزراندنى حەشدى شەعبیەوە، ڕادەگەیەنێت، کە بڕیاربوو سبەینێ دەستپێبکات، بەھۆی شەھیدبوونی ژمارەیەک لە سەرکردە قارەمانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە".
حەشدى شەعبی لە 16ـی حوزەیرانى 2014 و لەسەر داواى مەرجەعى شیعە بۆ رووبەڕووبوونەوەى چەکدارانى داعش دامەزرا.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی چەند تەقینەوەیەکی گەورە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان هەژاند، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئەو وڵاتە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئامانج لێی پەکخستنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بووە.
لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.
