حكومەتی عێراق بەمیلیشیاكان وتوە: پەیوەندیمان بەشەڕی ئێران و ئیسرائیلەوە نییە

13 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق، گروپە چەکدارەکانی ئاگادار کردۆتەوە خۆیان بەدوور بگرن لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، بۆ دورخستنەوەی مەترسییەكان لەسەر عێراق.
سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، بڕیارێکی توند لەلایەن حکومەت و هاوپەیمانەکانییەوە دراوە، بۆ خۆبە دورگرتن لە لێكەوتەكانی شەڕ.
ئاشكراشیان كردووە، پەیوەندی چڕو پڕ لەنێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرکردەی حزب و گروپە شیعەکان لە ئارادایە لەسەر بنەمایەكی بنەڕەتی كە ئێمە پەیوەندارنین و بەشداری لە شەڕەکەدا ناكەین.
لای خۆیەوە، وتەبێژی گروپی کەتائیبی "سەید شوهەدا" رایگەیاندووە: ئەو توانایانەی لەبەردەستی گروپەكاندایە هاوسەنگی ناگۆڕێت، لە سایەی شەڕێک کە تێیدا موشەک و تەکنەلۆژیای کوشندە بەکاردەهێنرێت.
هاوكات، بەرپرسێکی باڵا باسی لەوەكردووە: بەغداد داوای لە تاران کردووە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق نەکاتە ئامانج، ئەوەش لەبەر رۆشنایی پەرەسەندنی سەربازیی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری ئەو بەرپرسەوە بڵاویکردەوە: ئێرانییەکان بەڵێنی ئەرێنیان داوە لەوبارەیەوە.
لەلایەکى دیکەوە بەرپرسێکی باڵای حکومەتى عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەغدا داوای لە تاران کردووە ینکەکانى ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق نەکاتە ئامانج و وەڵامى ئێرانیش ئەرێنیى بووە.
سەرچاوەیەکی باڵاى عێراقی کە ناوى ئاشکرا نەکردووە بە ئاژانسى فرانس پرێس ڕایگەیاندوە داوامان لە ئێران کردووە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق نەکاتە ئامانج وەڵامی ئێرانیش ئەرێنی بوو بۆ بەئامانجنەگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
حکومەتى بەغدا هاوپەیمانێکی نزیکی تارانە بەڵام هاوبەشێکی ستراتیژی ئەمریکای دوژمنی سەرەکی ئێرانە کە نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی لە عێراق هەیە وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکی دژە جیهادییەکان.
بەرپرسە باڵاکەى عێراقی ئەوەشى ڕاگەیاندووە، لە ترسی ئەوەی حکومەتی عێراق تووشی ڕوبەڕوى جەنگ نەبێتەوە لەسەر خاکەکەى ئەو داوایەى لە تاران کردوە کە بیر لەوەنەکاتەوە لەسەر خاکەکەیدا لە ئەمریکا بدات.
