ئیسرائیل: فەرماندەی باڵای حوسیەکان بریندارە

11 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەکى باڵاى هێزى ئاسمانی ئیسرائیل، ڕایگەیاندوە شەوى ڕابردوو لەڕێگەى هێرشێکەوە محەمەد غەماری، سەرۆک ئەرکانی حوسییەکانیان کردوەتە ئامانج وبەسەختى بریندارکراوە.
بەوتەى سەرچاوە باڵاکەى ئیسرائیل سەرۆک ئەرکانی حوسییەکان سەرقاڵى کۆبوونەوە بووە لەگەڵ چەند بەرپرسێکدا لەو کاتەدا هێرشەکە ئەنجامدراوە.
لەلایەکى دیکەوە ماڵپەرى ئەکسیۆس زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەو بڵاویكردەوە، ئیسرائیل هەوڵی كوشتنی محەمەد غەماری، سەرۆک ئەرکانی حوسییەکانی یەمەنی داوە.
محەمەد غامری بە یەکێک لە کەسایەتییە سەربازییە سەرەکییەکانی ناو ڕیزەکانی حوسییەکان دادەنرێت. ناوی ناوبراو دوای ڕووداوەکانی پارێزگای سەعدە لە ساڵی ٢٠١٣ و ڕووخانی شاری سەنعا پایتەخت لە ئەیلوولی ٢٠١٤ کە لەو ماوەیەدا بەشدار بوو، دەرکەوت.
محەمەد عەبدولکەریم غامری یەکێکە لە سەرکردە سەربازییە پلە باڵاکانی ناو گروپی حوسییەکان و لەلایەن حزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە مەشقی پێکراوە.
لە مانگی ئایاری ٢٠٢١، ئەمریکا ئەلغامری وەک "مەترسی بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی" دەستنیشان کرد و سزای بەسەردا سەپاند.
هەروەها ناوی ناوبراو لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١ "بەهۆی هەڕەشەکردن لە ئاشتی و سەقامگیری یەمەن" خرایە لیستی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
بە یەکێک لەو کەسانە دادەنرێت کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ەوە هێرشی کردۆتە ئامانج کە کەشتییە بازرگانییەکان و زەوییە ئیسرائیلییەکان دەکاتە ئامانج، ئەمەش وایکردووە لە لیستی کەسایەتییە حوسییەکان کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج، کەسایەتییەکی داواکراو بێت.
حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هێرشیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور ئەنجامداوە، ئەمەش وەک هاودەنگی لەگەڵ فەلەستینییەکان لە شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر ح.ەم.اس لە غەززە.
