سودانی بۆ پزیشكیان: بەهەمووشێوەیەک هاوکاریتان دەکەین

7 كاتژمێر لەمەوپێش



 

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و تێیدا سودانی هاوسۆزیی حکومەت و گەلی عێراقی بۆ ئێران دووپاتکردەوە.

سودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ پزیشکیان ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق پابەندە بە رێگەگرتن لە فراوانبوونی جەنگ لە ناوچەکە.

دەشڵێت، ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل لەسەر ئێران.

هاوکات نووسینگەی سودانی ئاماژە بەوەکردووە، مەسعود پزیشکیان سوپاسی سودانی و حکومەتی عێراقی کرد لەبەرامبەر هەڵوێستەکانی دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پزیشکیان لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ سودانی جەختی لە گرنگیی هەڵوێستێکی یەکگرتووی وڵاتانی ئیسلامی لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل کردەوە.

لەلایەکى دیکەوە ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق، گروپە چەکدارەکانی ئاگادار کردۆتەوە خۆیان بەدوور بگرن لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، بۆ دورخستنەوەی مەترسییەكان لەسەر عێراق.

سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، بڕیارێکی توند لەلایەن حکومەت و هاوپەیمانەکانییەوە دراوە، بۆ خۆبە دورگرتن لە لێكەوتەكانی شەڕ.

ئاشكراشیان كردووە، پەیوەندی چڕو پڕ لەنێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرکردەی حزب و گروپە شیعەکان لە ئارادایە لەسەر بنەمایەكی بنەڕەتی كە ئێمە پەیوەندارنین و بەشداری لە شەڕەکەدا ناكەین.

لای خۆیەوە، وتەبێژی گروپی کەتائیبی "سەید شوهەدا" رایگەیاندووە: ئەو توانایانەی لەبەردەستی گروپەكاندایە هاوسەنگی ناگۆڕێت، لە سایەی شەڕێک کە تێیدا موشەک و تەکنەلۆژیای کوشندە بەکاردەهێنرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار