لەسەر هێرشەکانى ئیسرائیل پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە

8 كاتژمێر لەمەوپێش
بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاندووە، ڕۆژى سێشەممەی داهاتوو پەرلەمان دانیشتنێکی نائاسایی سازدەکات بۆ تاوتوێکردنی دەستدرێژیەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پێشێلکردنی سەروەری عێراق بەڕێوە دەبات.
هەر ئەمرۆ یەک شەممە محیسن مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەت و بە پەلەی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخ و پێشهاتی ناوچەکە.
نوسینگەی ڕاگەیاندی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لەڕاگەیەندراوێکدا ئەوەى خستبویە ڕوو جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لەبارەی هێرشی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئێران لە ڕێگای ئاسمانی عێراقەوە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق کە ناکرێت چاوپۆشی لێ بکرێت، بۆیە داوای کۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمان دەکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: مەندەلاوی ڕەتیدەکاتەوە، عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ هێرش و هاوسۆزی خۆشی لەگەڵ ئێران دەربڕی، هەروەها داوای لە حکومەتی عێراق کرد هەڵوێستە دیپلۆماسییەکانی توندتر بکات.
لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و تێیدا سودانی هاوسۆزیی حکومەت و گەلی عێراقی بۆ ئێران دووپاتکردەوە.
سودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ پزیشکیان ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق پابەندە بە رێگەگرتن لە فراوانبوونی جەنگ لە ناوچەکە.
دەشڵێت، ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل لەسەر ئێران.
هاوکات نووسینگەی سودانی ئاماژە بەوەکردووە، مەسعود پزیشکیان سوپاسی سودانی و حکومەتی عێراقی کرد لەبەرامبەر هەڵوێستەکانی دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پزیشکیان لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ سودانی جەختی لە گرنگیی هەڵوێستێکی یەکگرتووی وڵاتانی ئیسلامی لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل کردەوە.
لەلایەکى دیکەوە ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق، گروپە چەکدارەکانی ئاگادار کردۆتەوە خۆیان بەدوور بگرن لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، بۆ دورخستنەوەی مەترسییەكان لەسەر عێراق.
