ماڵپەرى إنترناشيونال: خامنەیی سێ ڕۆژە لەژێر زەمینێکدایە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەکی باڵا لەناوخۆى ئێرانەوە، بەماڵپەرى ئێران إنترناشيونالى ڕاگەیاندووە، لەڕۆژى هەینیەوە عەلى خامنەیی ڕابەرى باڵاى ئێران لەژێر زەمینێکدا حەشاردراوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران.
بەپێى ناوەڕۆکى ڕاپۆرتى ئەو ماڵپەرە، لەدواى دەستپێکردنى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لەبەرەبەیانى ڕۆژى هەینى ڕابردوەوە، بەنهێنی عەلی خامنەیی گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکى پارێزراو و ژێر زەمینێک لەناوچەى لویزان، کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو خامنەیی هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەى وەک موجتەبای کوڕی و چەند کەسێکى دیکەى نزیکیشى لەگەڵیدان.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ماأپەرەکە ، لە کاتی ئۆپراسیۆنی "ئۆدە سادق" یەک و دوو، بنەماڵەی خامنەیی بۆ پەناگەیەکیش گواستراونەتەوە، بەڵام لەو کاتەدا موجتەبا لە تەنیشتی بوو، بەڵام دوو کوڕەکەی تری مەسعوود و مستەفا لەگەڵیدا نەبوون.
هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە درێژەی هەبوو و بۆ یەکەمین جار شاری مەشهەد کە دەکەوێتە دوو هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج.
لەلایەکى دیکەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاشکرایکردوە لە کۆتایی هەفتەى ڕابروودا ئیسرائیل دەرفەتی ئەوەى هەبووە عەلی خامنەیی بکوژێت، بەڵام ترەمپ بە ڕوونی بۆ نەتانیاهۆى ڕاگەیاندووە کە دژی ئەو جۆرە کارە دەوەستێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە کە عەلی خامنەیی، ڕابەری ئێران ناوی لەناو ئەو لیستەدا بووە کە ئیسرائیل هەوڵی داوە لە هێرشەکەی رۆژی هەینی بۆ سەر ئێران بیکوژێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕازی نەبووە ناوبراو بکوژرێت.
هەرچەند هێشتا بە تەواوی دیار نییە کە ئیسرائیل بەر لە ئەنجامدانی هێرشەکەی 13ی حوزەیران بۆ سەر ئێران کە بە هۆیەوە چەندین فەرماندەی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی ئێرانی کوژران، ئەمەریکای لێ ئاگادار کردووەتەوە یان نا؛ بەڵام ئاژانسێکی هەواڵی بەریتانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ترەمپ ڕازی نەبووە ئیسرائیل لەو هێرشەدا عەلی خامنەیی بکوژێت.
