پزیشکیان: دەستبەردارى وزەى ئەتۆم نابین، بەڵام چەکی ئەتۆمی دروستناکەین

2 مانگ لەمەوپێش



 

سەرۆککۆماری ئێران بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم بە ''مافی رەوا''ـی وڵاتەکەی دەزانێت و دەڵێت، بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە، پێداگرین و ترسمان لە هیچ هێزێک نییە.''
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 16-06-2025، بە ئامادەبوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەرلەمانی وڵاتەکە، متمانەدان بە عەلی مەدەنیزادە، وەکو وەزیری ئابووری و دارایی خرایە دەنگدانەوە.
 
مەسعود پزیشکیان لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا گوتارێکی سەبارەت بە بەردەوامبوون لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''ئێمە مافی ئەوەمان هەیە لە وزەی ئەتۆم و توێژینەوە زانستییەکان سوود وەربگرین، بۆیە هیچ کەسێک بۆی نییە ئەم مافە لە ئێمە وەربگرێتەوە''.
 
وڵاتانی رۆژئاوایی، ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نیگەرانن و هەوڵی سنووردارکردنی دەدەن. ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی شەڕێکی سەخت لەنێوان تەلئەڤیڤ و تاران.
 
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە، ''ئێمە بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە، پێداگرین و لە هیچ هێزێک لە پێناو بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم ترسمان نییە.''
 
مەسعود پزیشکیان رەخنەی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی واشنتن گرت و گوتی: ''ئەمریکا سەرقاڵی زۆردارییە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، رێگە دەدات ئیسرائیل دەستدرێژی و هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەمان.''
 
تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە بەرەبەیانیی هەینی، 13ـی حوزەیران دەستیپێکردووە، ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازی و زانا ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە کوژراون. سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: ''ئێمە بەدوای جەنگدا نەبووین و دەستپێشخەریش نین. ئێمە نەبووین فەرماندە و زانایانی وڵاتانمان کوشت، بەڵکو ئەوە تیرۆریستان بوون ئەم کارەیان کرد.''
 
پزیشکیان "یەکگرتوویی وڵاتانی موسڵمان'' لە بەرامبەر ''زۆرداریـیەکانی ئیسرائیل" و ئەمریکا بە پێویست دەزانێت و ئاماژەی بەوەش کرد، ''ئیسرائیل دەیەوێت یەک بە یەک وڵاتانی ئیسلامی بکاتە ئامانج.'' 
 
قسەکانی پزیشکیان لەکاتێکدان کە چوار رۆژە شەڕی راستەوخۆی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران بەردەوامە و هەڕەشەی ''هێرشی بەهێزتر'' لە یەکدی دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار