ئێران: بە چەکی ئەمریکى هێرش دەکرێتە سەرمان

16 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەرگری لە خۆی دەکات و جەختى لەسەر ئەوەشکردەوە ئیسرائیل بە چەکی ئەمریکی هێرش دەکاتە سەر ئێران، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکترى.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە وەڵامی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل "بەرگریکردنێکی ڕەوایە لە خۆ بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لۆژیکی مرۆیی".
ناوبراو ئەوەشى زیادکرد شەڕێکی توندمان دەست پێکردووە و بە هێزەوە بەردەوام دەبین، چاوەڕوانین هەموو وڵاتان، وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی دۆست، هەموو دەسەڵاتی خۆیان بۆ دەرکردنی بڕیارنامەی پابەندکەر لە دژی ڕژێمی زایۆنی دەربکەن.
ئیسماعیل بەقائى جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، لەم هەلومەرجەدا بەدڵنیاییەوە باسی دانوستان بێ مانایە. وەک وتم ئەمریکا دەبێت هەڵوێستێکی ڕوونی هەبێت. ئەمریکا وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندە بە داننان و ئیدانەکردنی ئەم دەستدرێژییە.
وتیشى: ئێمە ناتوانین قبووڵی بکەین کە ئەمریکا بە هۆی پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ دەستدرێژکار، تائێستا هیچ ئیدانەیەکى ئەم شەڕەى نەکردوە، وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشەوە هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر ئەم دەستدرێژییە و شەرمەزاری بکەن.
