ئیسرائیل: عەلى شادمانى نزیکترین کەسى خامنەییمان کوشت

13 كاتژمێر لەمەوپێش
سوپای ئیسرائیل کوشتنی عەلی شادمانی فەرماندەی نوێی بارەگای خاتەم ئەنبیای سوپای پاسدارانی راگەیاند.
میدیاکان لەزارى بەرپرسانى سوپای ئیسرائیلەوە بڵاویانکردەوە شەوی رابردوو عەلی شادمانی لە بۆردومانێکی ئاسمانیدا لە تاران کوژراوەو ناوبراو کەسێکى زۆر نزیکى عەلى خامنەیی ڕابەرى باڵاى ئیران بووە.
رؤژى هەینى ڕابردوو واتە تەنها چوار ڕۆژ لەمەوبەر رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فەرمانێکی دیکەدا، عەلی شادمانی، جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتمولئەنبیای وەکو فەرماندەی قەرارگەکە لە شوێنی غوڵامعەلی رەشید دەستنیشانکرد.
کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە، دوابەدوای زانیارییە هەواڵگرییە وردەکانی دەست مۆساد کەوتووەو لە هەلێکی کتوپڕ لە شەودا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی مرۆیی لە دڵی تاران و عەلی شادمانیمان کوشت.
شادمانی پێش کوژرانى سەرۆکەکەی خۆی، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی فریاکەوتنی حاتەم ئەنیابوە سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان بووە. کوشتنى شادمانی پەیوەستە بە زنجیرەیەک کوشتنى باڵاترین فەرماندەیی سەربازی لە ئێران، و گورزێکی دیکە لە زنجیرەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکدەهێنێت.
بەرەبەیانیی ڕۆژى هەینی ڕابردوو چەند تەقینەوەیەکی گەورە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان هەژاند، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئەو وڵاتە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئامانج لێی پەکخستنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بووە.
لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.
