جنۆکەی ئاسمان، ئەو فڕۆکەیەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران یەکلادەکاتەوە

11 كاتژمێر لەمەوپێش
جەنگ کۆتایی نایەت تا “جنۆکەکانی ئاسمان” دەستوەردان نەکەن، ئەمە بیروڕای بەشێک لە شارەزایانە لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بۆ سی ئێن ئێنی ئەمریکی.
پێنج رۆژە جەنگی ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، دیاریش نییە کەی کۆتایی دێت، بەڵام “جنۆکەکانی ئاسمان” توانایان هەیە گرێکوێرەکە بکەنەوە و کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن.
“جنۆکەکانی ئاسمان” فرۆکە زەبەلاحە تۆقێنەرەکەی ئەمریکایە بەناوی فرۆکەی بۆمبهاوێژی “بی 2″، کە تەنها لای ئەمریکا خۆی هەیە و هیچ وڵاتێکی دیکە نییەتی.
“بی 2” گرانترین فڕۆکەی جیهانە، دروستکردنی زیاتر لە دوو ملیاری تێدەچێت و تەنها 21 دانەی لێدروستکراوە، هەرچەندە زەبەلاحە و پانتایی باڵەکانی زیاترە لە 50 مەتر، بەڵام لە سیستمە بەرگرییەکاندا وەک مێشوولەیەک دەردەکەوێت و دەتوانێت بە ئاسانی خۆی بدزێتەوە.
بۆچى ئەم فڕۆکەیە یەکلاکەرەوەیە؟
ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ لە قوم پێویستی بەم جنۆکەیەیە، چونکە خۆی ناتوانێت لەناوی ببات، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ لە ناوچەیەکی سەختی شاخاویدایە و بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان، 80 بۆ 90 مەتر قووڵە.
ئیسرائیل چەند جارێک بۆردومانی کردووە، بەڵام بنکەکە هەر بەخۆشی نەزانیوە، “جنۆکەی ئاسمان” یان فڕۆکەی “بی 2” تاکە فڕۆکەیە دەتوانێت بۆمبێک هەڵبگرێت توانای تەقاندنەوەی وێستگەکەی هەبێت، ئەویش بۆمبی “جی بی یو 57″ـە، ئەم بۆمبە کێشەکەی 13 بۆ 15 تۆنە و بە سەنگەرشکێن ناوی دەرکردووە، هێندە قورسە، کە تەنها بە “جنۆکەی ئاسمان” هەڵدەگیرێت.
پێویست بە چەند بۆمب دەکات تاوەکو فۆردۆ لەناوببرێت؟
بۆمبەکە بۆ ئەوە دروستکراوە لە قووڵایی زەوی بتەقێتەوە، بۆیە هەتا خاک کون نەکات ناتەقێتەوە، بۆ ئەمەش دەتوانێت 60 مەتر کۆنکرێت یان 200 مەتر خاک ببڕێت.
لە لایەکى دیکەش، شارەزایانی جەنگ دەڵێن، وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ هێندە سەختە بە یەک بۆمب تێکناشكێندرێت و پێویستی بە چەند بۆمبێکە، بۆیە ئەگەر ترەمپ هاوکاریی ئیسرائیل بکات دەبێت چەند جنۆکەیەک بنێرێت، چونکە هەر جنۆکەیەک توانای هەڵگرتنی یەک بۆمبی “جی بی یو 57″ـی هەیە.
پێداگری نەتانیاهۆ بۆ پەلکێشکردنی ئەمریکا بۆ نێو جەنگ رەنگە هەر لەبەر ئەمەبێت، ئەمڕۆش ترەمپ هەر زوو لوتکەی “جی 7″ـی لە کەنەدا بەجێهێشت و گەڕایەوە واشنتن و گوتی، گەڕانەوەم هۆکارێکی گەورەی لە پشتە.
