وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: لە ڕۆژانێکى سەختدا دەژین

6 كاتژمێر لەمەوپێش



 

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت دەمانزانی لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر ئێراندا زیانمان پێدەگات، ئێستا ئێمە بە ڕۆژانی سەختدا تێدەپەرین.

شەڕی ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە رۆژی پێنجەمەوە و هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی. لە شەوی چوارەمدا هەردوولا بە مووشەک و فڕۆکە هێرشیان کرد، بەڵام زیانەکانی دیار نین.

لەپێش کۆبوونەوەى لەگەڵ لیژنەی کاروباری دەرەوەو ئاسایش، گیدیۆن سار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند گۆڕینی ڕژێم لە ئێران ئامانجی شەڕ نییە، بەڵام ڕەنگە دەرئەنجامێکى بێت، ئامانجەکە وێرانکردنى بەرنامەى یۆرانیۆمى ئێرانە. 

هەروەها ئەوەشى خستەڕوو بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران مێژوویی بوو، ئێمەش دەمانزانی لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیانمان پێدەگات.

گیدیۆن سار وتیشى: ئێمە بە ڕۆژانی سەختدا تێدەپەڕین، بەڵام گەلی ئیسرائیل پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی دژی ئێران دەکەن.

سار زیادی کرد: من سێ دەیە لە ناوەندی بڕیاردانم، هەرگیز هەڵمەتێکی سەربازیم نەبینیوە کە بەو شێوەیە ورد و چڕ و هەماهەنگ پلانی بۆ داڕێژرابێت و بەڕێوەبچێت.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، هێشتا دیار نییە کێ جێگەی سەرۆکی ئەرکانى ئێران دەگرێتەوە، پێویستە دووجار بیربکاتەوە ئامۆژگارى دەکەم وریابێت.

رؤژى هەینى ڕابردوو واتە تەنها چوار ڕۆژ لەمەوبەر رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فەرمانێکی دیکەدا، عەلی شادمانی، جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتمولئەنبیای وەکو فەرماندەی قەرارگەکە لە شوێنی غوڵامعەلی رەشید دەستنیشانکرد.

کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە، دوابەدوای زانیارییە هەواڵگرییە وردەکانی دەست مۆساد کەوتووەو لە هەلێکی کتوپڕ لە شەودا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی مرۆیی لە دڵی تاران و عەلی شادمانیمان کوشت.

بەرەبەیانیی ڕۆژى هەینی ڕابردوو چەند تەقینەوەیەکی گەورە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان هەژاند، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئەو وڵاتە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئامانج لێی پەکخستنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بووە.
 
لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار