ئێران بۆ هەر پۆستێکى باڵاى سەربازى ١٠ جێگر دەستنیشان دەکات

6 كاتژمێر لەمەوپێش



 

بەرپرسانى باڵاى ئێران بڕیارێکى نوێیان خستوەتە جێبکردنەوە، بۆ هەر پۆستێکى باڵاى سەربازى و هەستیارى هەواڵگرى و حکومى، ١٠ جێگرى بۆ دەستنیشان دەکرێت.

لەلایەکى دیکەشەوە بە بڕیاری ناوەندی فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئێران، بەکارهێنانی هەر جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە و پاسەوانەکانیان قەدەخە کراوە.

ئاژانسی هەواڵی فارس بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ سێ شەممە بڵاویکردوەتەوە، پلانێکى نوێ ئامادەکراوە بۆ بەڕێوەبردنی ناوەندە هەستیارەکان لە ئەگەری کوشتنى  سەرکردەو بەرپرسەکان.

پلانەکە بەوجۆریە هەر بەرپرسێک، ١٠ کەس وەک جێگرەوەى دەستنیشان دەکرێت بۆ هەر شوێنێکی گرنگ بۆ دڵنیابوون لەوەى کاروبارو بڕیارە خێراکان هیچ گرفتێکیان نەبێت و پرۆسەکانیان بەردەوامبێت.

میدیاکانی ئێران نیوەڕۆی سێشەممە 17-06-2025 بڵاویانکردەوە، ناوەندی فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئێران بڕیاری داوە کەڵکوەرگرتنی بەرپرسانی ئێران لە تەواوی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کە بۆ پەیوەندیکردن بەکاردەهێندرێن، قەدەخە بکات. 
 
ئەو بڕیارە پاسەوانەکانیشیان دەگرێتەوە و ئەوانیش نابێت هیچ ئامێرێک بەکاربێنن کە بۆ پەیوەندیکردن بەکاربهێندرێت.
 
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، یەحیەئیل لیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی مێریتی ئیسرائیلی رایگەیاند، "شەوانی پێنجشەممە و هەینی شتی حەپەسێنەر دەبینن".
 
بە گوتەی باڵیۆزی ئیسرائیل، "سوپرایزەکە بە جۆرێک گەورە دەبێت، کە ئۆپەراسیۆنی [تەقاندنەوەی] پەیجەر و بێتەلەکان لەچاویدا هیچ نابێت".
 
ئۆپەراسیۆنی پەیجەر ئاماژەیە بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئەیلوولی 2024 کە بووە هۆی کوژرانی 37 کەس و برینداربوونی نزیکەی سێ کەسی دیکە، لە نێویاندا باڵیۆزی ئێران لە لوبنان.

بەرەبەیانیی ڕۆژى هەینی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیران، لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار