عەبدولرەحیم موسەوی: بەمنزیکانە ئۆپەراسیۆنی سزادان ئەنجام دەدەین

5 كاتژمێر لەمەوپێش
عەبدولرەحیم موسەوی، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە چەکدارەکانى ئێران (سوپاسالار)، ڕایدەگەیەنێت با هەموو جیهان دڵنیابن لەوەی کە نەتەوەی گەورەی ئێران بە ڕێبەرایەتیی هێزە چەکدارەکان تۆڵەی خوێنی شەهیدانى دەکاتەوەو بەمنزیکانە ئۆپەراسیۆنی سزادان ئەنجام دەدەین.
میدیای فەرمیی ئێران لەگرتەیەکى ڤیدیۆییدا، کە ئەمشەو بڵاویکردەوە عەبدولرەحیم موسەوی دەڵێت: ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تا ئێستا ئەنجامدراوە تەنها هۆشدارییەکە بۆ خۆپاراستن و بەم نزیکانە ئۆپەراسیۆنێکی سزای ئەنجام دەدرێت، بۆیە دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکان بەتایبەتی تەلئەبیب و حەیفا بە توندی ئاگادار دەکرێنەوە کە ئەو ناوچانە بەجێبهێڵن لە پێناو گیانی خۆیاندا و نەبنە قوربانی خواستی نەتانیاهۆ.
عەبدولرەحیم موسەوی کە تەنها پێنج ڕۆژە بەفەرمانى عەلى خامنەیی وەك سەرۆكی دەستەی ئەركانی ئێران (سوپاسالار) دەستنیشانكراوە هێرشى توند دەکاتە سەر ئیسرائیل.
ناوبراو دەلێت: ئیسرائیل لەژێر پەردەی ئامانجی سەربازیدا، هێرشی کردوەتە سەر ژنان، منداڵان، و بەساڵاچووانی ئێران. بەردەوام هەموو یاسا نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانى بوو لە پشتگوێخستوە، نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژنامەنووسى لە غەززە و لوبنان، بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتوە، هێرشی کردە سەر ئەندامانی میدیا و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵێکدا بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ڕاستییەکان.
ئەو بەرپرسە سەربازیەى ئێران، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە شەهید بوونی هاونیشتمانەکانى و زانایان و فەرماندەکانیان بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێزە چەکدارەکان زیاتر ئیرادەیان هەبێت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکان و سزادان و پەشیمانکردنەوەى دوژمنان.
لەکۆتایی قسەکانیشیدا دەڵێت: تا ئێستا هێزی ئاسمانی و بەرگری ئاسمانی سوپای پاسداران بەهاوکاری هێزە چەکدارەکانی تر، سوپا، سوپای پاسداران، بە پاڵپشتی وەزارەتی ئیتلاعات، لە پێشەنگی ئۆپەراسیۆنەکاندا بوون، لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن، سەرنجیان لەسەر ئامانجە هەستیار و گرینگەکان و لێدانی گورزی وێرانکەر لە دوژمن.
