سیستانی: چارەسەری ئاشتییانە بۆ پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بدۆزرێتەوە

22 كاتژمێر لەمەوپێش
عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە پەیامێکدا سەرکۆنەی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات.
عەلی سیستانی لە پەیامێکدا لە نووسینگەکەی بڵاویکردووەتەوە دەڵێ، هێرشەکانی ئیسرائیل پێشێلکردنێکی روونی بەها ئاینی و ئەخلاقییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، لە ئەگەری پەرەسەندنی هێرشەکانیش، رەنگە دۆخەکە لەدەستدەربچێت و پشێوی و نەهامەتی زیاتر بۆ ناوچەکە بهێنێت، زیانیش بە بەرژەوەندیی هەمووان دەگەیەنێت.
نووسینگەى سیستانى رایگەیاندووە، بە ئامانجگرتنی سەرکردە ئایینی و سیاسییەکانی ئێران، هەرچەندە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێوەرە ئایینی و ئەخلاقییەکانە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای نەریت و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە، ئەو هەنگاوە ئاماژەیە بۆ لێکەوتەی زۆر خراپ بۆ دۆخێکی ناوچەکە بە گشتی، رەنگە ببێتە هۆکارى دەرچوونی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ و روودانی پشێویی گەورە، کە نەهامەتییەکانی گەلانی ناوچەکە زیاتر بکات و زیانی گەروە بە بەرژەوەندییەکانی هەمووان بگەیەنێت.
نووسینگەی عەلی سیستانی، داوا لە سەرجەم لایەنە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان و وڵاتانی جیهان دەکات، هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ راگرتنی جەنگی ئێران و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانەی دادپەروەر بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەگوێرەى یاسای نێودەوڵەتی.
