گروپە چەکدارە عێراقیەکان لەترسى بۆردومان مۆبایلى کاتى بەکاردێنن

12 كاتژمێر لەمەوپێش
کوتلە چەکدارە عێراقیەکانى سەر بە ئێران وریاتر بوون لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاو لەترسى بۆردومان کردن ئێستا مۆبایلی کاتی بەکاردەهێنن.
لەگەڵ بەردەوامی پێکدادانی توندوتیژی نێوان ئیسرائیل و ئێران ، گروپە چەکدارە عێراقیەکان و حزبوڵڵا لە لوبنان، تائێستا بێدەنگن و هیچ ڕۆڵ و جموجوڵێکیان نییەو لە شوێنی ڕووداوەکان ئامادە نین.
بەپێی ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى، بەشێک لەو گروپانە لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانیانە، بەتایبەتی کە لە شەڕێکی فراوانتر لەگەڵ ئیسرائیل زۆر شتیان لەدەستداوە، وەک هەندێک لە میلیشیا عێراقییەکان کە لە ئێستادا سەرقاڵی کۆکردنەوەی سامانن لە ڕێگەی کەرتی نەوتەوە.
بە تایبەت کە شەڕی توندوتیژیەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە دژی حزبوڵاى هاوپەیمانانی ئێرانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل وریا کردەوە کە لەتوانای سەربازی و هەواڵگریدا باڵادەستییەکی بەرچاوی نیشانداوە.
لەم چوارچێوەیەدا دیپلۆماتکارە عەرەبییەکان کە بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ ئەو گروپانەو حزبوڵادا هەیە، ڕوونیان کردەوە کە ئەم دووەمیان خواستێکی کەم نیشان دەدات بۆ ئەوەی بکێشرێتە ناو شەڕێکی نوێ و لە ئێستادا سەرنجی لەسەر بنیاتنانەوەی توانا دارایی و سەربازییەکانییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بیرکردنەوەی حزبوڵا ڕایگەیاند کە ئێران توانای ئەوەی هەیە بەبێ هاوکاری هاوپەیمانەکانی مامەڵە لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەکەدا بکات و ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا ئەو حیزبە ڕێبازی "چاوەڕوان و ببینە" دەگرێتەبەر.
لە عێراقیش، کوتلە چەکدارەکانی سەر بە ئێران وریاتر بوون لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا. ئێستا مۆبایلی کاتی بەکاردەهێنن و بە بەردەوامی ژمارەی فەرماندەکانیان دەگۆڕن و بە دەگمەن پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە دەکەن.
بەتایبەت دوای ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل ڕادەی دزەکردنی هەواڵگری ئیسرائیلی بۆ ناو ئێران و توانای دەستپێکردنی هێرشەکانی لە ناو خاکی ئێرانەوە نیشان دا کە ئەمەش بە تایبەتی هاوپەیمانەکانی تارانی هەژاند.
شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێران پێ ناوەتە حەوتەمین ڕۆژەوە، سوپای ئێران قۆناغی شەشەمی هێرشی خۆکوژی خۆی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دژی ئیسرائیل دەستپێکرد، هاوکات سوپای ئیسرائیل هەڵکوتانە سەر "شوێنەکانی بەرهەمهێنانی چەک و شوێنەکانی بەرهەمهێنانی سەنتەرفۆج"ی کردە ئامانج.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، یاریدەدەرە باڵاکانی لە پەسەندکردنی پلانەکانی هێرشکردنە سەر ئێران ئاگادارکردەوە، بەڵام دەرکردنی فەرمانی کۆتایی دواخست بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا تاران ڕازی دەبێت بە وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی یان نا.
