وەزیری بەرگری ئیسرائیل: ئێران موشەک دەگرێتە منداڵان و بەساڵاچووان

11 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەى ناوەندەکانى مەدەنى دەکاتە ئامانج و دەڵێت ئەوان هەموو سنورە ئەخلاقییەکانی بەزاندووە، موشەک دژی منداڵان و بەساڵاچووان هەڵدەدات.
ئەم بەیانییە ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل. میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە بارەگای فەرماندەیی، هەواڵگری سوپای ئیسرائیل و سەربازگەی هەوڵگریی بووە لە ناوەندی توێژینەوەی گاڤ یام لە شاری بیەرشیبا.
یسرائیل كاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لەدواى هێرشەکانى ئەمڕۆ لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: من و سەرۆک وەزیران فەرمانمان كرد بە چڕكردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر بە ئامانجە ستراتیژی و ئامانجە سیادییەكان لە تاران، بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانیان و لەناوبردنی رژێمەكەیان.
ناوبراو زیادیکرد کە دیکتاتۆرە ترسنۆکەکەی ئێران، لە قوڵایی حەشارگە قایمەكەی دانیشتووەو بە ئەنقەست نەخۆشخانەو باڵەخانەكانی نیشتەجێبوون لە ئیسرائیل دەکاتە ئامانج.
یسرائیل كاتز وتیشى: ئێران تاوانی جەنگ لە مەترسیدارترین جۆری ئەنجام دەدات، خامنەیی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت لەسەر تاوانەکانی، رژێمی خراپەكاری ئێران هەموو سنورە ئەخلاقییەکانی بەزاندووە، موشەک دژی منداڵان و بەساڵاچووان هەڵدەدات.
جەختى لەسەر ئەوەکردەوە رژێمی ئێرانی، تیرۆریست و دڕندەیە، پێویستە لە ڕەگەوە هەڵبکەندرێت، لەپێناو ئاسایشی ئیسرائیل و جیهان.
وەزارەتى تەندروستى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە ئیسرائیل، بەتایەتى نەخۆشخانەى سۆرۆکا ژمارەی بریندارەکان بۆ ٦٥ کەس بەرزبووەتەوە.
