وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل: نابێت چیتر خامنەیی بژی

9 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل هەڕەشەى توند لەڕابەرى باڵاى ئێران دەکات و دەلێت ئەو کەسێکى دیکتاتۆرەو داواى لەنابردنى ئیسرائیل دەکات بۆیە چیتر نابێت ئەو بژى.
لەشوێنى کەوتنە خوارەوەى موشەکەکەى ئێران لەنزیک نەخۆشخانەى سۆرۆکا، کەمێک لەمەوبەر ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری گەیشتە شوێنەکەو بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا هەڕەشەی لە ناوبردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵاى ئێرانی کرد.
ئەو وتى: خامنەیی دیکتاتۆر کە سەرۆکایەتی ئێران دەکات و لە ئاڵاکەیدا لەناوبردنی ئیسرائیل هەڵکەندراوە، ناتوانێت بەردەوام بێت و چیتر ئەو نابێت بژى، جگە لەوەش کاتز خامنەیی بە "هیتلەری مۆدێرن" ناوبرد.
لەلایەکى دیکەوە، بەرپرسانی وەزارەتى تەندرستى ئیسرائیل لە پێگەى یەدعوت ئەحرۆنوتیان ڕاگەیاندوە ژمارەی بریندارانی هێرشەکەی ئەمڕۆی ئێران گەیشتە 147 کەس، ڕێژەى زۆرى بریندارەکان بەهۆى ئەوەوە بوە زەنگی درۆ لە قودس و ناوچەکانی دیکەوە لێدراوە.
بەرپرسان ئەوەیان خستوەتەڕوو زۆرینەى بیناکانى دەوروبەرى نەخۆشخانەکە زیانی پێگەیشتوە، هەروەها زیانێکی گەورە لە ناوچەی بۆرسە لە ڕامەت گان هەبووە.
کاتز رایگەیاند، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانیان بە سوپا کردووە "هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە ستراتیژییەکانی نێو ئێران و ژێرخانی وزەی تاران چڕبکاتەوە، ئەوەش بەمەبەستی لەنێوبردنی هەڕەشەکان بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل."
بنیامین نەتەنیاهووش گوتی، سوپای وڵاتەکەی بێ وەڵام نامێنێتەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشەی ئەم بەیانییە ئێران کردییە سەر ئیسرائیل و هەربۆیە تاران "باجێکی گەورە" دەدات.
