ژووری ئۆپراسیۆنەکانى عێراق: تیشكدانەوەیەکى ئەتۆمى تۆمار نەكراوە 

7 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێنمایی و هۆشدارى دەرداتە ژووری فریاکەوتنی تیشکدانەوە لە ئامادەباشى هەمیشەییدا بێت بۆ چاودێریکردنی دۆخی تیشکدانەوە لە دەرەوەی سنوورەکان.

ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانى کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ ئەندامانى ژووری ئۆپراسیۆنەکان ئەنجامداوە لەبارەی رووداوە ئەتۆمییەکان.

"هیچ زیادبوونێك لە ئاستی تیشكدانەوە لەسەرتاسەری وڵات تۆمار نەكراوە" ژوری ئۆپراسیۆنە ناوەندییەكان بۆ حاڵەتە لەناكاوەكانی تیشكدانەوە وای بە سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتووە، ئەویش فەرمانی پێكردوون ئەم ماوەیە بەردەوام لە كۆبوونەوەدا بن بەمەبەستی چاودێریی دۆخی تیشكدانەوە لە سنورەكانی عێراق لەئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆسەر وێستگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران. 

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرەشتی كۆبوونەوەی (ژوری ئۆپراسیۆنە ناوەندییەكان بۆ حاڵەتە لەناكاوەكانی تیشكدانەوەو ئەتۆم)ی كرد.

كۆبوونەوەكە بۆ پێداچوونەوە بوو بە پلانی نیشتمانی تایبەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ رووداوەكانی تیشكدانەوەو ئەتۆم، كە ساڵی 2023 پەسەندكراوە، بەمەبەستی ئامادەیی تەواوەتیی بۆ ئەگەری هەر رووداوێكی لەناكاو. 

وەكو نوسینگەكەی دەڵێ؛ لە كۆبوونەوەكەدا سودانی گوێی بۆ كورتەیەكی پسپۆڕان گرتووە سەبارەت بە كاریگەریی سنوردار لەسەر عێراق ئەگەر هاتوو  زایۆنی (مەبەستی ئیسرائیلە) هێرش بكاتە سەر وێستگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە كۆماری ئیسلامی ئێران. 
لە كۆبوونەوەكەدا، پسپۆڕان جەختیان لەسەر ئەوە كردووە هیچ بەرزبوونەوەیەك لە ئاستی تیشكەكان لە سەرتاسەری عێراق تۆمار نەكراوە.

سودانی داوای لە ژوری ئۆپراسیۆنەكان كردووە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی دواین پەرەسەندنەكان، بەوپێیەی عێراق ئەندامە لە رێككەوتنی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختی رووداوە ئەتۆمییەكان، بەمەبەستی پێدانی داتاو زانیاری دروست لەبارەی دۆخە لەناكاوەكان و بەردەوامبوون لە دابینكردنی پێداویستییە بنەڕەتییەكان بۆ روبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێكی لەناكاو لە هەموو پارێزگاكان. 

سودانی هەروەها فەرمانیداوە ژوری دۆخە لەناكاوە تیشكدەرەكان لە كۆبوونەوەی بەردەوامدا بێت لەپێناو چاودێریكردنی دۆخی تیشكدانەوە لە دەرەوەی سنورەكانی عێراق لەبەر رۆشنایی پەرەسەندنی رووداوەكاندا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار