عەباس عێراقچی: ئیسرائیل سەدان کەسی ئێرانى بێ تاوانی کوشتووە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەى ئێران، ڕایدەگەیەنێت لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە ئیسرائیل، سەدان کەسی بێ تاوانی ئێرانی بەبێ هۆکار کوشتووە، هاوکات داوا لە ئیسرائیلییەکان دەکات لە شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان دووربکەونەوە.
لەپەیامێکى نوێیدا عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران ئەوەى خستەڕوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزە چەکدارە بەهێزەکانیان بە وریاییەوە بارەگایەکی فەرماندەیی سەربازی و کۆنترۆڵ و هەواڵگری ئیسرائیل و ئامانجێکی دیکەی گرنگیان لەناوبردوە.
ناوبراو ئەوەشى وت: شەپۆلی تەقینەوەکە زیانێکی ڕووکەشی بە بەشێکی بچووکی نەخۆشخانەی سەربازی سۆرۆکا لە نزیکەوە گەیاندوە تاڕادەیەکی زۆر چۆڵکرابووە پێشتر.
بەوتەى عێراقچى: ئەم دامەزراوەیە بە پلەی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی سەربازانی ئیسرائیل کە بەشدارن لە کۆمەڵکوژییەکەی غەززە کە لە دووری ٢٥ میل لە غەززە بەکاردێت، کە ئیسرائیل ٩٤%ی نەخۆشخانەکانی فەلەستینی لەناوبردووە یان زیانیان پێگەیاندووە.
وەزیرى دەرەوەى ئێران هێماى بۆ ئەوەکرد، ئەوە ڕژێمی ئیسرائیلە ئەم خوێنڕشتنەی دەستپێکرد نەک ئێران و ئەوە تاوانبارانی جەنگی ئیسرائیلن نەک ئێرانییەکان کە نەخۆشخانە و خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج. وتى: لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نایاسایی ئیسرائیل لە دژی گەلی ئێران لە هەفتەی ڕابردووەوە، سەدان کەسی بێ تاوانی ئێرانی بەبێ هۆکار کوژراون.
هاوکات داواى لە ئیسرائیلییەکان کرد پێش هێرشەکان گوێ لە فەرمانەکانی چۆڵکردنى ئەوان بگرن و خۆیان لە نزیکبوونەوە لە شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان بەدوور بگرن.
وتیشى: هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان بەردەوام دەبن لە سەرکوتکردنی بێوچان تاوانباران کە گەلەکەمان دەکەنە ئامانج تا دەوەستن و باجی دەستدرێژییە تاوانکارییەکانیان دژی میللەتەکەمان دەدەن.
