سى ئێن ئین: ئەمریکا فڕۆکە و کەشتیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵاندووە
.png)
4 كاتژمێر لەمەوپێش
دوو بەرپرسی باڵاى وەزارەتى بەرگری ئەمریکا بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە، سوپای ئەمریکا چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ پاراستنی بنەکەو بەرژەوەندیەکانى و سەروەت و سامان و کەلوپەلەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ بەردەوامی شەڕو ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران.
سوپاى ئەمریکا سەرجەم فڕۆکە ناپێویستیەکانى لەبنکە فراوانەکەی لە قەتەر گواستوەتەوە بۆ سەر کەشتیەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە بەحرەین جێگیرکراون.
هەروەها فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا پێشوەختە چەند پێداویستیەکى سەربازى زیادەی گواسوەتەوە بۆ ناوچەکە، بەرپرسان و سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێن، کە ئەمەش ڕێکاری ئۆپەراسیۆنی ستانداردە لە هەر کاتێکدا ئەگەری هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا هەبێت.
یەکێک لەو بەرپرسانە گۆڕانکارییەکانی بە پلانێکی وریایی و خۆپارێزانە وەسفکرد لەکاتی هەڕەشەکانی ئێران کە ئەگەر ئەمریکا بڕیاریدا لەگەڵ ئیسرائیل بێتە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هێرش دەکاتە سەر سەرباز و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەشێکى فڕۆکە ئەمریکییەکان سەرەتای ئەم هەفتەیە لە بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید لە قەتەر گواستراونەتەوە دەرەوە، بەرپرسێک پشتڕاستی کردەوە دوای ئەوەی وێنەکانی مانگی دەستکرد دەریخست کە ناوچەکە چۆڵ کراوە.
سەرەڕای ئەوەش، هەموو ئەو کەشتیانەی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە پێشەوە لە چالاکیی پشتیوانی دەریایی بەحرەین جێگیرکرابوون- بنکەی هێزی دەریایی ئەمریکا لەسەرەتای ئەم هەفتەیە بەندەرەکەیان بەجێهێشت. تا ئێستا ڕوون نییە فڕۆکە و کەشتییەکان بۆ کوێ گواستراونەوە لە کاتی بەرزبوونەوەی گرژییەکان.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێشتا بڕیاری نەداوە کە ئایا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لێبدات یان نا. بەڵام ئەگەر بیکات، تاران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی ڕاستەوخۆی لە ئەمریکا کردووە.
ئێران دەیان گروپی بە وەکالەت لە ناوچەکەدا هەیە کە دەتوانن مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی هێز و بنکەکانی ئەمەریکا بکەن. لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤، دوای ئەوەی میلیشیایەکی شیعەی سەر بە ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر تاوەر ٢٢ کە بنکەیەکی ئەمریکایە لەسەر سنووری سوریا و عێراق، سێ ئەندامی خزمەتگوزاری ئەمریکا کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون.
