ئیسرائیل رۆژانە 200 ملیۆن دۆلار لە سیستمی بەرگری ئاسمانیدا خەرج دەکات

7 كاتژمێر لەمەوپێش



 

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە، تێچوی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلارە، دەشڵێت: ئەو تێچوە زۆرەی جەنگ وادەکات بەرپرسانی تەلئەبیب بڕیاری راگرتنی جەنگ بدەن.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ـی ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە، ئیسرائیل بەهۆی ئەو جەنگەی لەگەڵ ئێران دەستیپێکردوە تێچویەکی دارایی زۆری لەسەرە و رۆژانە بە سەدان ملیۆن دۆلار لە جەنگدا خەرج دەکات.

بەپێی شیکردنەوەکانی رۆژنامەکە، ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە موشەکەکانی ئێران تێچویەکی زۆری لەسەر دەکەوێت کە بە دەیان تا 200 ملیۆن دۆلاری رۆژانە دەخەمڵێنرێت، ئەمە جگە لە تێچوی تەقەمەنی و فڕۆکە جەنگییەکان، هەروەها وێرانکاری بەربڵاوی باڵەخانە گەورەکانی تەلئەبیب.

هەروەها، بەپێی خەمڵاندنەکان تا ئێستا ئیسرائیل لانیکەم 400 ملیۆن دۆلاری پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە.

رۆژنامەکە دەشڵێت: ئەو بارگرانییە ئابورییە دەبێتە فشارێک لەسەر تەلئەبیب تا بەزوترین کات کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، سەرەڕای ئەوەی بنیامین ناتەنیاهۆ-ـی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەکردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی ئامانجەکانیان بەدیدەهێنن کە دیارترینیان بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لەناوبردنی جبەخانەی موشەکییەکەیەتی.

لە چەند رۆژی رابردودا ئێران زیاتر لە 400 مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە، رێگریکردن لەو موشەکانە پێویستی بە کارپێکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی تەکنەلۆژیای بەرز هەیە، بەوتەی یەهۆشوا کالیسکی، توێژەر لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە تەلئەبیب، تێچوی کارپێکردنی سیستەمی David’s Sling کە بۆ ڕێگریکردن لە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مەودای کورت بۆ مامناوەند بەکاردەهێنرێت، نزیکەی 700 هەزار دۆلارە بۆ هەر ڕێگریکردنێک.

هەروەها، سیستەمی تیر- ٣ کە بۆ ڕێگریکردن لە موشەکی بالیستیکی دور مەودا لە دەرەوەی بەرگەهەوا دروستکراوە، نرخی هەر ڕێگرییەک نزیکەی 4 ملیۆن دۆلارە، لەکاتێکدا سیستەمی تیری ٢ کۆنتر نزیکەی ٣ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت بۆ هەر روبەڕوبونەوەی موشەکێک.

جگە لەوانەش، ئیسرائیل پارەیەکی زۆر خەرجدەکات بۆ کارپێکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی بە تایبەت فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ٣٥ کە تا ١٠٠٠ میل لە خاکی ئیسرائیلەوە دەفڕن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار