ئەردۆغان: ئیسرائیل کۆمەڵکوژى دەکات و نەتەنیاهۆ وەک هیتلەرە

6 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەزمانێکى زۆر توند هێرش دەکاتە سەر نەتەنیاهۆو وەک هیتلەر ناویبرد، ڕاشیدەگەیەنێت بە توندترین شێوە هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران ئیدانە دەکەم، گومانم نییە گەلی ئێرانیش ئەم ڕۆژانەدا تێدەپەڕێت. 

لەکۆبوونەوەى ڕێکخراوی لوتکەی هاوکاری ئیسلامی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا وتارێکى پێشکەشکردو باسى لەشەڕى ئێران و ئیسرائیل و بارودۆخى غەززەو سوریاى کرد.

لەبەشێکى قسەکانیدا ئەردۆغان وتى: بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وادەکات سیاسیەتی وێرانکاریی بەردەوام بێت،  ئیسرائیل لەکاتی دانوستانەکاندا هێرشی کردە سەر ئێران و کۆمەڵکوژى دەکات  نەتەنیاهۆ وەک هیتلەرەو کۆپییەکى ئەوە.

ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو، هێرشەکان لە کاتێکدا ڕوویانداوە کە دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران چڕتر دەبوونەوە. حکومەتی نەتانیاهۆ ئامانجی تێکدانی پرۆسەی دانوستان بوو بە هێرشەکانی لە ١٣ی حوزەیران.

وتیشى: ئیسرائیل لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە شانبەشانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین بژی کە قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختەکەی بێت، هەوڵدەدات شەڕ لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاوبکاتەوە. وەک چۆن ئەو پریشکە کە ٩٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هیتلەرەوە داگیرسابوو، جیهانی ئاگری تێبەردا، تەماحەکانی زایۆنیستی نەتانیاهۆ جگە لە ڕاکێشانی جیهان بۆ کارەسات، هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە.

سەرۆک کۆمارى تورکیا لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەشى خستەڕوو، بانگەواز بۆ ئەو وڵاتانە دەکەم کە کاریگەرییان لەسەر ئیسرائیل هەیە؛ نابێت کەس گرنگی بە قسە ژەهراویەکانی نەتانیاهۆ بدات کە بە ستایشەوە پێچراوەتەوە. 

وتى: پێویستە لەم کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکەماندا کە نوێنەرایەتی دەنگ و ویژدانی ئومەت دەکات، بە ڕوونی هەڵوێستی خۆمان لە دژی سیاسەتی ئیسرائیل بە بیروڕای گشتی جیهان ڕابگەیەنین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار