ئیسرائیل: ١٧ زاناى ئەتۆمی ئێرانیمان کوشتووە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
لە ماوەی نۆ ڕۆژی شەڕی بێ وێنەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، هەواڵگری ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەر بە ئامانجگرتنی سەرکردە سەربازییە سەرەکییەکان، بەتایبەتی لەناو سوپای پاسداران و هەروەها "زانایانی ئەتۆمی " چڕکردەوە .
لە 13ی حوزەیرانەوە، ئیسرائیل نزیکەی 17 زانای ناسراوی ئەتۆمی ئێرانی لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە کوشتووە، بەپێی ئەوەی کەناڵی 12ی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئێرانییەکان کوژرانی زانای ناوەکی ئیتار تەباتەبایی و هاوسەرەکەییان لە ماڵەکەی خۆیان ڕاگەیاندووە، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل کە هەفتەى ڕابردوو شوقەکەیان کردە ئامانج، بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی.
پێشتریش دەسەڵاتدارانی ئێران تیرۆرکردنی فێریدوون عەباسی، زانای ناوداری ناوکی و پێشتر وەک سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و هەروەها ئەحمەد ڕەزا زۆڵفەغاری، مامۆستای ئەندازیاری ئەتۆمی ڕاگەیاندبوو.
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، ئیسرائیل شەوی رابردوو "دوو بنکەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج"ی لە دامەزراوەی ئەتۆمیی ئیسفەهانی ئێران کردووەتە ئامانج.
ئەو بەرپرسە سەربازییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، رایگەیاند: "ئێمە لە یەکەم 24 کاژێری ئۆپەراسیۆنەکەماندا ئەسفەهانمان کردە ئامانج، بەڵام شەوی رابردوو زنجیرەی دووەمی هێرشەکانمان بۆ سەر ئەوێ ئەنجامدا، بەمەش دەستکەوتەکانمان گەورەتر کرد و زیانەکانمان لەسەر دامەزراوەکە زیاتر کرد."
ئەو بەرپرسە سەربازییە گوتیشی، بەئامانجکردنی دوو بنکەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج لە ئیسفەهان، "جگە لە چەند بنکەیەکی دیکەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج بووە کە لە رۆژانی رابردوودا توانیمان بە سەرکەوتوویی بیانکەینە ئامانج."
