حوسییەکان هەڕەشە لە کەشتییە ئەمریکییەکان دەکەن

3 كاتژمێر لەمەوپێش
گروپى چەکدارى حوسییەکان دەڵێن ئەگەر ئەمریکا بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ بەشدارى هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بکات، ئەوا هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە ئەمریکییەکان دەستپێدەکەنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەو گروپە پێشتر ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە.
لە بەیاننامەکەدا یاخیبووانی حوسی هەڵوێستی خۆیان دووپاتکردەوە و هێرشى ئیسرائیلیان ڕەتکردەوە، دەڵێن: دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر برایانمان لە غەززە، لوبنان، سوریا و هەر وڵاتێکی عەرەبی یان ئیسلامی باجى خۆى دەبێت.
حوسییەکان زیادیان کرد: ناتوانین لەبەرامبەر هیچ هێرش و دەستدرێژییەکی ئەمریکی بێدەنگ بین، هەر هێرشێک یان دەستدرێژییەکی ئەمریکی بۆ سەر ئێران، بۆ پشتیوانی لە دوژمنی ئیسرائیل، بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکە تەحەمول ناکرێت.
"شەڕەکە لەگەڵ ئیسرائیلە، دەستدرێژکارەکەی دژی ئێران، لەگەڵ تاوانەکانی پێشووی دژی گەلی فەلەستین، هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر گەلانی لوبنان و سوریا، هەروەها دەستدرێژیەکانی بۆ سەر یەمەن، پاشان گۆڕاوە بۆ دەستدرێژییەکی هەمەلایەنە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەژێر ئاڵای گۆڕینی ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". ئەمە بەپێى بەیاننامەکەى ئەوان.
وسییەکانی یەمەن گرووپێکی چەکداری پەیڕەوانی مەزهەبی زەیدین کە یەکێکە لە مەزهەبەکانی ئایینی شیعە لە ئیسلامدا.
ئەم گرووپە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دروستبوو کە بە گوتەی خۆیان بەرەنگاری گەندەڵییە بەرفەراوانەکانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆک کۆماری یەمەن ببنەوە.
ناوی ئەو گرووپە لە حوسێن ئەلحوسی دامەزرێنەری ئەم بزووتنەوەیە هاتووە. هەروەها بەخۆیان دەڵێن ئەنساروڵا یان یارانی خودا.
دوای لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، حوسییەکان ئەم دروشمەیان هەڵبژارد، "اڵڵە و ئەکبەر - مردن بۆ ئەمەریکا - مردن بۆ ئیسرائیل - نەفرەت لە جووەکان- سەرکەوتن بۆ ئیسلام".
ئەم گرووپە، وەک حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان، خۆیان وەک بەشێک لە "میحوەری بەرخۆدان" دەزانن کە ئێران لە لە دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانیان دەکات.
لە کۆتایی ساڵی 2014 دا جەنگی نێوخۆیی لە یەمەن دەستیپێکرد، حوسییەکان سەنعای پایتەختی یەمەنییان کۆنتڕۆڵ کرد. بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانییەوە سەبارەت بە زیادبوونی دەسەڵاتی شیعە لەسەر سنوورەکەی، سعودیە لە مانگی سێی ساڵی 2015 دا هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی دامەزراند و دەستیوەردایە جەنگەکەی ناو یەمەنەوە، ئەوەش لە پێناو گەڕاندنەوەی حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن بۆ سەر دەسەڵات.
حوسییەکان کۆنتڕۆڵی زۆربەی باکوور و ناوچە گەورەکانی ناوەڕاستی یەمەنییان کرد، هاوکات حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەنیش چووە عەدەن.
