سوپای پاسداران: فرۆكەخانەی بن گۆریۆن و چەند ناوەندی گرنگمان بۆردومانکرد

4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەیانی ئەمڕۆ، سوپای پاسداران، دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سێ پێگەی ئەتۆمی لە ئێران، دەیان موشەکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد.
خزمەتگوزاری فریاکەوتنی پزیشکی ئیسرائیل رایگەیاند: تیمەکانیان گەیشتوونەتە (١٠) ناوچە، كە بەهۆی هێرشی ئێرانەوە زیانیان پێگەیشتووەو (١٨) کەس بریندار بوون.
بەگوێرەی میدیا عەرەبییەکان، موشەکەکان ناوچەكانی تەلئەبیب و حەیفایان کردووەتە ئامانج .
هاوكات ئاژانسی "فارس" بڵاویكردەوە: شەپۆلی بیستەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆ 3" بە تاکتیکی نوێ ئەنجامدراوە، بە بەکارهێنانی تێکەڵەیەک لە موشەکی بالیستی دوور مەودا، کە بە سوتەمەنی شل و ڕەق کاردەکەن، لەگەڵ كڵاوەی جەنگی وێرانکەر كە توانای پێشکەوتوو هەیە لە تێپەڕاندنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی دوژمن.
وتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاندووە، ئەو شوێنانەی بەیانی ئەمڕۆ كراونەتە ئامانج ئەمانە بوون:
⦁ فڕۆکەخانەی بن گوریۆن
⦁ ناوەندی توێژینەوەی بایۆلۆجی قەوارەی زایۆنی
⦁ بنکەكانی پاڵپشتی و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی دوژمن لە ئاستە جیاجیاکان.
لەلایەکى دیکەوە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند: ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، پێشێلکارییەکی جیددیی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی ئەنجامداوە.
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران هەموو بژاردەکانی بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و بەرژەوەندییەکان و گەلەکەی بە پشتبەستن بە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان تەرخان دەکات.
لە کاتێکدا ئێران داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا، عەراقچی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: ڕووداوەکانی ئەم بەیانییە ترسناکن و کاردانەوەی بەردەوامی دەبێت.
